بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ۷ی نیسانی ۲۰۲۵ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز کرد و لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ''بەڕێز سەرۆککۆمارمان، لەو هەفتەیەدا رۆژێک کە خۆی بە گونجاوی ببینێت، بۆ کۆبوونەوە دیاریدەکات".
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و ئەندامی شاندی ئیمرالی، رۆژی یەکشەممە ۲ی ئاداری ۲۰۲۵ لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: ''دوای جەژن لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆ دەبینەوە".
دوای ئەوە، نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، ۱۲ـی ئاداری ۲۰۲۵ بڵاویکردەوە، شاندی ئیمراڵی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داواکارییان پێشکێشکردووە.
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکوومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێندرێت.
دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لە زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چارەسەری، شاندی دەم پارتی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد و نێوەڕۆکی پەیامەکانی ئۆجەلانیان بە ئەوان گەیاند.
Your Comment