بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمرالی و سەرۆک ئەردۆغان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان".
هەر لەم پەیامەدا، سەرۆکی پارتی نووسیویەتی: "کۆبوونەوەکە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۰ـی نیسانی ۲۰۲۵، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کۆ بووەوە، کە شاندەکەی دەم پارتی لە سڕری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرورین بوڵدان، پەرلەمانتار پێکهاتبوون.
هەر لە کۆبوونەوەیەکدا هەر یەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی ئامادە بوون، کە نزیکەی کاتژمێریک و ۳۰ خولەکی خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی، بنیاتنەر، بەرهەمدار و ئومێدبەخش بۆ داهاتوو بەڕێوەچوو.
دەم پارتی ڕاشیگەیاندووە بە شانازییەوە هەموو دانیشتووانی تورکیا ئاگادار دەکەینەوە، کە ئەمڕۆ لە دوێنێ گەشبینیترین بۆ پرۆسەی ئاشتیی و لە قۆناغی داهاتوودا بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لە کارەکان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا بەردەوام دەبن.
Your Comment