بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاسایشی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە چووەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە ۱۰۰ کەسی دیکەش دەرچوو.
لەمبارەوە موراد ئۆنگون، ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانیی ئهكرهم ئیمامئۆغڵو لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی "X" ڕایگەیاند: سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ "دەستبەسەرکراوە"، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بخاتەڕوو.
پەخشێکی ڕاستەوخۆی کەناڵی سی ئێن ئێن تورک بوونی دەیان هێزی ئەمنی لە بەردەم ماڵی ئیمامئۆغڵو دەردەخات و کەناڵەکەش بڵاوی کردەوە، کە هێزەکانی پۆلیس لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ماڵەکەی دەپشکنن.
ئیمامئۆغڵو لەسەر پلاتفۆڕمی "X" پێس دەستگیر کردنی ڕایگەیاند: بە نیگەرانییەوە دەڵێم، چۆڕە عەقڵێک هەوڵدەدات ویستی گەلەمان زەوت بکات و پۆلیسی خۆشەویستی و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتمان بۆ ئەم خراپەیە بەکاردەهێنێت. لەبەردەم ماڵەکەمدا، لە بەردەم ماڵی ۱۶ ملیۆن ئیستەنبووڵی؛ سەتان پۆلیس کۆبوونەتەوە. رووبەڕووی زۆرەملێیەکی گەورە بووینەتەوە، بەڵام دەمەوێ پێتان بڵێم کە نابەزین. هەمووتانم زۆر خۆشدەوێ. خۆم سپاردەی گەلەکەم دەکەم. با تەواوی خەڵک بزانن من قیت و لەسەر پێ دەوەستم. بەرەنگاری ئەو کەسە و ئەو عەقڵە دەبمەوە کە تەواوی پرۆسەکەی وەکوو داردەست بەکارهێناوە.
Your Comment