کوردپرێس: ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە بە شارپرێسی ڕاگەیاندووە: بەشێوەیێکی گشتی ئەمریکا، فەرەنسا، وڵاتانی دیکەی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەنانەت دەوڵەتانی عەرەبیش پشتیوانی ئەم وتووێژەیان لەگەڵ دیمەشق کرد. تێڕوانینی ئەو دەوڵەتانە ئەوە بوو کە دەبێ لەگەڵ دیمەشق بگەینە ڕێککەوتن.
ئاڵدار خەلیل ڕوونیشی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای خاڵە گشتیەکانە، واتە بنەما گشتییەکان کە ئێمە لەسەری ڕێکدەکەوین، بۆ پاراستنی یەکڕیزی گەلی سووریا و سەقامگیرییەکەی و وەستاندنی شەڕە. بەڵام وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنە زۆرن، کە لە ٨ مادە پێکهاتووە، لە هەر ماددەیەکدا وردەکاری زۆری تێدایە. بۆیە لیژنەکان بۆ ئەو بابەتانە پێکدەهێنرێن، وەک لیژنەیەک بۆ دۆخی پرسی کورد، لیژنەیێکی سەربازی، لیژنەیێک بۆ دۆخی ئیدارەی خۆسەر.
لەبارەی ڕەوشی هێزەکانی هەسەدە و تێکەڵبوونەوە بە وەزارەتی بەرگریی سووریا خەلیل دەڵێت، لە لیژنەی سەربازیدا پرسی بەشداری هەسەدە تاوتوێ دەکرێت و هێشتا جارێ زووە، بەڵام لە واقیعدا هێزێک نییە کە بەخێرایی دەستبەرداری چەکەکانی بێت و بڵاوە بکات، ڕاستە هەسەدە دەبنە بەشێک لە سیستمی بەرگری سووریا، بەڵام ڕۆڵی هێزەکانی هەسەدە لەم سیستمە بەرگرییەدا، وەکوو هێزەکانی هەسەدە لە لێژنەی سەربازیدا تاوتوێ دەکرێت. بەڵام ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە هەسەدە نەک وەک تاکێک، بەڵکوو وەک هێزێک دانوستان دەکات.
Your Comment