ئێران ۱۵۱ بنکەی سەربازیی نوێی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان دروست کردوە

ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئێران ۱۵۱ بنکە و بارەگای سەربازیی نوێی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردوە، کە بە قووڵایی ۵ بۆ ۱۰ کیلۆمەتر سنوورەکانی فراوان کردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کامەران عوسمان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئێران دەستیکردوە بە دروست کردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنوورەکان و زیاتر لە ۱۵۱ بنکەی دروست کردوە، لە کاتێکدا تورکیا ۷۴ بنکە و بارەگای لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم بونیات ناوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێران بە قووڵایی ۵ بۆ ۱۰ کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروست کردوە، بەڵام تورکیا ۳۵ کیلۆمەتر هاتوەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە".

لە سنووری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جموجۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت.

کاتێک لە مانگی (شوبات/۲)ـی ساڵی ۲۰۲۴، حکوومەتی عێراق پرۆسەی تەلبەندکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دەستپێکرد، دانیشتوانی بەشێک لە گوندە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەوەی بە سەدان دۆنم زەوییان دەکەوێتە سنووری ئێرانەوە.

کاروان رەحیم، هاوڵاتییێکی خەڵکی گوندەکانی سنووری ئێرانە لەمبارەوە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "گوندی مەحموود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چوونکە کەوتوەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران".

ناوبراو دەشڵێت: "ئێستا گوندەکە لە جێگەیێکی تر بونیات نراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکوو سنووری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە".

بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنووری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیە و خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردوە کە بە (سفری حدوودی) ناسراون و سنووری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی دیكە جیا دەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە.

لە ناوەراستی ساڵی ۲۰۲۳دا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی ۱۰ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی بنکەی نوێی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان تەرخان کرد، ئەرکی سەرپەرشتی کردنی ئەو بنکانە سپێردرا بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

سەرچاوەیێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بابەتەکەی بە هەستیار ناوبردو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕاگەیاند: "مەسەلەی هاتنە پێشەوەی خاڵ و بنکە سەربازییەکانی ئێرانمان بۆ ناو خاکی هەرێم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باسکرد، بەڵام پاساوی ئەوەی هێنایەوە گوایە سنورەکان بە جی پی ئێس دیاریکراون".

ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراقن.

News Code 224980

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha