بەپێی هەواڵی کوردپرێس، توڵای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمرالی لە هەرێمی کوردستان، شاندەکەیان بۆ جاری سێیەم دەچێتە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ دەبێتەوە.
بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، شاندەکەیان بۆچوون و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بۆ عەبدوڵلا ئۆجەلان دەخەنە ڕوو.
وەکوو ئەوەی هاتیمئۆغوڵڵاری باسی کرد: "بەمزووانە ئۆجەلان بانگەوازێکی دەبێت، ناوەڕۆکەکەی ڕێبازێک دەبێت سەبارەت بە چارەسەری یاسایی و دیموکراسییانەی پرسی کورد، دوور لە ململانێ و توندوتیژی."
هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەوەی کوردستانی سووریاش دەخرێتە نێو ئەو پرۆسەیەی ئۆجەلان دەستپێشخەری بۆ دەکات." ڕاشیگەیاند، پێشنیازی ئۆجەلان بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە سووریا، دانانی دەستوورێکی دیموکراسییە لەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، یەلماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە بارەی سێیەم سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕایگەیاند، هیچ داواکارییێکی فەرمییان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکراوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر داواکارییێکی نوێ لەو بارەیەوە هەبێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و مۆڵەت بە داواکارییەکە دەدرێت.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ تاوەکوو ئێستە دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆبووەتەوە.
Your Comment