بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دهستهی سهرۆكایهتی ئهنجومهنی نیشتمانیی كوردی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجومەنەكەیان پیرۆزبایی دەستبەکاربونی بەڕێز ئەحمەد شەرع دەکات وەک سەرۆکی وڵات، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە قۆناغێکی گرنگدا کە پێویستی بە هەنگاوی جددی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی سووریا، چەسپاندنی سەقامگیری، هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەری و داڕشتنی دەستورێک کە مافەکانی هەمو سورییەکان مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئازادییە بنەڕەتییەكان لە پێش هەمووشیانەوە ئازادی ڕادەربرین بپارێزێت و شوێنەوارەكانی ئەو ستەم و وێرانكارییە بسڕێتەوە کە ڕژێمی پێشوو بەجێیهێشتوە، دەستەبەری گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ هەموو پەنابەران و ئاوارەکان بكات، بە خەڵکی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانیشەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەنجومەنەكە جەخت لەوە دەکاتەوە سەرکەوتنی ئەم قۆناغە پێویستی بە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی تۆکمە هەیە، کە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر بکات و بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەهێز بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، جەخت لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بەو نادادپەروەرییە مێژوییە دەکاتەوە کە بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە، و داننان بە مافە نەتەوەییەکانیان لە دەستوردا، بە شێوەیەک کە شەراکەتی نیشتمانی بچەسپێنێت و دادپەروەری و یەکسانی بەدی بهێنێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕوانگەی پابەندبوونی بە پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی سووریایێکی فرەیی و لامەرکەزیی، ئەنجومەن داوای گرتنەبەری ڕێبازی دیالۆگ و کراوەیی دەکات وەک ڕێگایێکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و ڕەتکردنەوەی توندوتیژیی لە چارەسەرکردنیان و دامەزراندنی سیستەمێکی بنچینەیی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان و سەروەری یاسا.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ئیدارهی خۆسهر و باكووری ڕۆژههڵاتی سووریا لهبارهی ههڵبژاردنی ئهحمهد شهرع، سهرۆكی كاتی سووریا، ڕایگهیاند، "هەر بڕیارێک لەدەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریا ناتەواو و نایاسایی دەبێت، دیمەشق دەبێت هەڵەکە ڕاست بکاتەوە".
دەشڵێت، "ئەو بڕیارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریا دەدرێن، قبووڵ ناكرێن، هەروەها ڕەخنە لەو جۆرە کۆبونەوانە دەگرین، بەتایبەتی کاتێک کەسانێک لە لیستی تیرۆردان و بەشداری تیادا دەکەن".
Your Comment