ئەنقەرە ئامادەیە پشتگیریی سووریا بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هێزە کوردەکان

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە ئەنقەرە ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییێک لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک، ئینجا چەکدارانی کورد بێت یان داعش.

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی خۆی و سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر راشیگەیاند، تاوتوێی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی سووریایان کردووە و وتیشی وەک چۆن لە ناخۆشترین ڕۆژەکاندا برا سوورییەکانمان تەنیا جێنەهێشتن، لە سەردەمی نوێشدا ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت پێشکێشی دەکەین".

ئەردۆغان سەردانەکەی ئەحمەد شەرعی بە ''مێژوویی'' ناوبرد و گوتی، ''وەک دەستپێکێکی هەمیشەیی بۆ هاوئاهەنگی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکانمان دەیبینم. دامەزراوەکانمان لە دوو مانگی رابردوودا هەوڵی رژدیان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بگەیێنینە ئاستێکی ستراتیجی. لەو باوەڕەدام، پشت بە خودا لە داهاتوودا پەیوەندی و سەردانەکانمان زیاتر دەبن".

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجیان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بووە و گوتیشی: ''لەگەڵ برا قەدرگرانەکەم تاوتوێی هەنگاوەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان (سووریا) کرد. دەتوانم بڵێم لە هەموو بابەتەکاندا کۆک بووین".

ئەردۆغان باسی کوردستانی سووریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش کرد و رایگەیاند: ''باسمان لە هەنگاوەکان دژی رێکخراوی تیرۆریستی و لایەنگرانیان کرد کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان داگیر کردووە. ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییێک لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک، ئینجا پەکەکە بێت یان داعش".

ئەحمەد شەرعیش گوتی، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە، "سوورین کە ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەدیهێنانی خێر و گەشەکردنی هەردوو گەل. لەم سۆنگەیەوە دەستمان بە هاوکاری هاوبەش کردووە، لە بوارەکانی مرۆیی، ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی."

شەرع ئاماژەی بەوەش کرد، "پێکەوە لەسەر دۆسیە گەورە ستراتیژییەکانی دیکە کار دەکەین، لە سەرووی هەموویانەوە بنیادنانی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام بۆ هەردوو کۆماری سووریا و تورکیا دەستەبەر بکات. لە کۆبوونەوەکەدا راوێژمان بەیەکەوە کرد سەبارەت بەو هەڕەشانەی کە رێگە بە تەواوبوونی یەکێتیی خاکی سووریا نادەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دا".

News Code 224844

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha