تورکیا لە نۆ مانگدا هەزار و ۶۰۰ جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە

ڕێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت،  لە ۹ مانگی ساڵی ڕابردوودا، تورکیا نزیکەی هەزار و ۶۰۰ جار خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "دوو هاونیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی  بۆردوومانی تورکیاوە شەهیدبوون؛ هەر ئەمساڵ بە هەمان هۆکار و هەر لە پارێزگای دهۆک، دوو هاونیشتمانی دیکە بریندار بوون."

بەگوتەی کامەران عوسمان "پار بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە؛ ۱۸ هاونیشتمانی شەهید بوون و پێنجی دیکەش بریندار بوون."

هەر بەگوێرەی ئاماری سی پی تی، "لە ۹ مانگی ساڵی ڕابردوودا، تورکیا نزیکەی هەزار و ۶۰۰ جار خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵی ۲۰۲۳ هەزار و ۵۴۸ جار بۆردوومانی کردبوو."

کامەران عوسمان گوتی "لە ۰۱-۰۱-۱۹۹۱ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ۷۲۰ هاونیشتمانی بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا، کە ۳۵۳ـیان کوژراون و ۳۶۷ـیشان بریندارن".

بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە ۱۷۰ گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵ کراون و ۶۰۲ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.

سوپای تورکیا لە سەرەتای ساڵانی ۱۹۹۰ـەوە، بە پاساوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

News Code 224789

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha