ئێران دەوڵەتێکی گرنگی ناوچەکەیە؛ پەیوەندیمان دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی موتەبادل بێت

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆیێکی تایبەت لەگەڵ كەناڵی شەمس وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی نفووزی ئێران لە ناوچەکە و پێوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لەوان عێراق، لوبنان و سووریا، دایەوە و جەختی کردەوە کە سەرۆک کۆماری ئێران کەسێکی باش و زۆر هاندەرە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم گفتوگۆیەدا مەسعوود بارزانی ڕای خۆی لەبارەی پێوەندیی داهاتووی ئێران و عێراق بەمشێوەیە خستەڕوو:

هەژموونی ئێران لە ناوچەکە

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هەژموونی ئێران لە ناوچەكە و بەتایبەتی لە عێراق پاشەكشەی كردووە؟ بارزانی وتی: بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕوونە. لە عێراق گۆڕانکاری ڕووی نەداوە، بەڵام لە لوبنان و سووریا، ڕووخانی ڕژێم لە سووریا لێدانێک بوو لە ئێران بە دڵنیاییەوە، هەروەها حزبوڵاش.

هەڵویستی ئێران و دۆخی ناوچەکە لە سەردەمی ترەمپ

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات، ئایا ئاسۆیەک بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەبینیت یان پێتوایە کە ئێران لەسەر هەلوێستی توندی دەمێنێتەوە؟ بارزانی ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئێرانییەکان زیرەکن، هیوا دەخوازم کە لە ئەنجامدا چارەسەرێکی ئاشتییانە و سیاسی بۆ هەموو ئەو کێشانە هەبێت. بەڵام پێموایە کە دۆخ و پەیوەندی لەگەڵ ئێران یان چارەسەرێکی سیاسی دەبێت، یان بارگرژییەکی مەترسیدار دەبێت، مومکین نییە کە دۆخەکە لە نێوان چارەسەر و چارەسەرنەبوون بێت وەک ئەوەی لە سەردەمی رابردووی ئیدارەی ئەمریکا هەبوو.

پێوەندییەکانی عێراق و ئێران

لەبارەی ئەوەی کە شێوەی پەیوەندیی نموونەیی نێوان عێراق و ئێران چۆن دەبینیت؟ چوونکە عێراق لەسەر سنووری ئێرانە، دەبێ پەیوەندیی داهاتوو چۆن بێت؟ سەرۆکی پارتی دەڵێت: پەیوەندی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی ئاڵوگۆڕکراو بێت و هیچ یەکێکیان دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەوەی تر نەکات، ئێران دراوسێیەکە کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و رەنگە زیاتریش بێت، مێژوو و زۆر هاوبەشی هەیە، ئێران دەوڵەتێکی گرنگی هەرێمەکەیە، بەڵام پەیوەندییەکە دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی موتەبادل بێت.

کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران

لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا کە چاوت بە سەرۆکی ئێران کەوت لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، چۆن بوو ئەو دیدارە؟ مەسعوود بارزانی دەڵێت: وەڵاهی دیدارێکی نایاب بوو، سەرۆکی ئێران بە زمانی کوردی قسەی دەکرد وەک ئەوەی زمانی دایک بێت، فعلەن دایکیشی کوردە، کەسێکی باش و زۆر هاندەر بوو بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و چاککردنەوەی ئەو هەڵسوکەوتانەی رابردوو. دیدارێکی نایاب بوو. بە زمانی کوردی قسەمان کرد، هەردووکمان لە یەک شار لە دایکبووین کە مەهابادە، هەردووکمان هەمان ناویشمان هەیە کە مەسعوودە.

ناوبراو وتیشی هاتنی سەرۆکی تازە مەسعوود پزیشکیان، پێموایە هەلێکی زۆر باشە بۆ باش کردنی پەیوەندی لەگەڵ کورد. کورد لە ئێران و بەشەکانی دیکەش، بەڵام بەدیاریکراوی لە ئێران.

داهاتووی کوردانی ئێران

مەسعوود بارزانی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە پێتوایە کورد لە ئێران بەرەو رۆژانێکی باشتر دەڕۆن، وتی: باوەڕم وایە و گومانم نییە کە لە داهاتوودا میللەتی کورد بە مافی خۆی دەگات، بەڵام بابەتەکە کات و زەمەنە، بەڵام دەبێ لە هەموو کاتێکدا کورد دژی پەنابردنە بەر توندوتیژی و چەک بێت، لە هەر بارودۆخێکدا.

News Code 224784

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha