مەسعوود بارزانی: پێویستە لە ماوەی دوو مانگدا حکوومەتی نوێی هەرێم پێکبهێندرێت

سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، نابێت پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم تاکوو کاتی هەڵبژاردنی عێراق دوا بخرێت، بەڵکوو دەبێت ئەوپەڕی تاکوو دوو مانگی دیکە چاوەڕێ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، لە دیدارێکی تەلەفیزیۆندا لەگەڵ کەناڵی عەرەبی شەمس ڕایگەیاند: "سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پێشبینییەکانی ئێمە بە دەر بوو، ئێمە متمانەمان بە سەرکەوتن و بردنەوە هەبوو، بەڵام بەو قەبارەیە نا. سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم متمانە پڕبایەخە".

بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردن بە گەلێک یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بەڕێوەچوو، ئۆپۆزیسیۆن هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە کاریگەریی لەسەر پارتی دروست بکەن، بۆ ئەوەی لاوازی بکەن و دوچاری دۆڕانی بکەن. ئەمە ئامانجیان بوو، بەڵام گەلی کورد هەموو ئەو گومانانەی پووکاندەوە و هەموو هەوڵەکانی شکست پێهێنا، سەرباری هەموو پیلانگێڕییەکان، پارتی بردنەوەیێکی گەورەی بە دەست هێنا، ئەگەر یەکبازنەش بوایە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاتر لە 45 کورسی بوو، ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق بێت و دەنگی کەرکووک و مووسڵی بخەینە سەر، دەنگەکانی پارتی ملیۆنێک تێدەپەڕێنن و دەبێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق.

مەسعوود بارزانی باسی لەوەش کرد: "چاوەڕێم نەدەکرد هەڵبژاردن بەو شێوە باشە به‌بێ کێشە بەڕێوە بچیت لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی عێراق، چاودێری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان، هەروەها پارتی دو ساڵ هەڵبژاردنی دوانەخست، بەڵکو ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لەوانەی لە نێو حکومەتدان، قاچێک لەناو حکوومەت و قاچێک لەناو ئۆپۆزیسیۆن ئەوان هەڵبژاردنیان دواخست، تاکوو دادگەی فیدراڵیان هێنا دەستوەردانی کرد و زۆرێک لە یاساکانی گۆڕی".

سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، "سەبارەت بە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، ئێمە هەر لە سەرەتاوە وتمان ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی شایستەیی هەڵبژاردن بەشداریی لە حکومەتدا بکەن، ئەمە بنەمایەکی حەقە، ئەگەر نا هەڵىژاردن بۆ چییە، لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا لە پێناو بەرژوەندیی نەتەوەیی نەرمی بنوێنین، ئێستە شاندێکی پارتی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان ڕاسپێردراوە، لە دوا کۆبوونەوەم لەگەڵ شاندەکە گوتیان، هەنگاوێکی باشیان لەگەڵ یەکێتی بڕیوە".

ناوبراو دەشڵێت، "هیوادارین لە زوترین کاتدا حکوومەت پێکبهێنرێت و هیودارام هەموو پارتەکان بەشداریی لە حکوومەتدا بکەن، کوردستان گەورەیە و هەموو لایەک مافیان هەیە. پێش هەڵبژاردن هەموو لایەک ئامادەکارییان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و هەموو شتێک کردبوو، نازانم بە نیاز بوون مافی پەنابەرێتی بە پارتی بدەن یاخود نا؟".

هه‌روه‌ها جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ مەحاڵە و نابێت پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تاکوو کاتی هەڵبژاردنی عێراق وەکوو ئەوەی هەندێک لایەن دەیڵین دوا بخرێت، دەبێت بەڵکوو ئەوپەڕی تاکوو دوو مانگی دیکە دەکرێت چاوەڕێ بکرێت.

News Code 224779

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha