بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی كردەوە: "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد، قۆناخێک کە ئەنجامی ۱۴ ساڵ خۆڕاگریی گەلی سووریایە. لە ماوەی ئەم ۱۴ ساڵەدا، گەلانی سووریا تووشی زۆر ناخۆشی و ئازار بوون، لە کۆچی زۆرەملێوە بگرە تاوەکوو وێرانبوونی ئابووری و لە کۆتاییشدا داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا".
ئاماژەی بەوەش كرد، "بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلی سووریا لەبەردەم وەرچەرخانێکدایە کە چەندین ڕێگای جیاواز لەبەردەمیاندایە. لەم قۆناخەدا، گەلانی سووریا دەتوانن پێکەوە سووریایەکی نوێ و دیموکراتی بنیات بنێن".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هێزە سیاسییەکان، پارت، رێکخراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنی ناوخۆییەوە دەستوورێکی شایستە دابڕێژن، کە ڕەنگدانەوەی فرەیی سووریا بێت، بەڵام، بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری توركیا و میلیشیاکانی سەر بەو، قەیرانی سووریا قووڵتر دەکەنەوە. ڕێگری لەوە دەکەن گەلی سووریا لە ئاشتیدا بژی و سووریا لە کەشێکی ئازاددا دەستوور و داهاتووی خۆی دیاری بکات. ئەم هێرشانە کۆمەڵگەی سووریا زیاتر پارچە دەکەن کە پێشتر وێران کراوە."
ئەوەشی خستەڕوو، "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەر کە ئامانجیان بەنداوی تشرینە، شەرمەزار دەکەین و بۆ پاراستنی بەنداوەکە، ئێمە وەک گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە ۸ی مانگی یەکەوە مەدەنی دەچنە بەنداوەکە و وەک قەڵخانێکی مرۆیی بە یەکدەستی بەنداوەکە دەپارێزین، بەڵام هێشتا تورکیا ڕانەوەستاوە. هێرشی کردوەتە سەر هاوڵاتییان و دەیان هاوڵاتی شەهید بوون و ئەم هێرشانە بەردەوامن".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە گەلانی سووریا لە کورد، عەرەب، سریان، چەرکەس، عەلەوی، دروزی، موسڵمان و ئێزیدی دەکات دژی ئەو هێرشانەی سەر بەنداوی تشرین بوەستن، "بێنە سەر شەقامەکان و دەنگی خۆیان بگەیێننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چوونکە وێران کردنی بەنداوەکە، کارەساتێکی مرۆیی بەدواوە دێت."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بانگەوازیش لە بزووتنەوە ژینگەییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە مەترسی لەسەر بەنداوەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و چەندین کارەساتی بەدواوە دێت. ئەم هێرشانە نەوەک تەنیا زیان بە سروشتی ناوچەکە دەگەیێنن، بەڵکوو گەلەکەی بەرەو کۆمەڵکوژی دەبەن. ڕۆژانە شەهیدبوون و وێران کردنی ژینگە ڕوودەدات. باڵندە و ئاژەڵەکان هێلانەکانیان جێهێشتوە.
مەترسییەکان ئەمانەن:
۱- سەدان گوند و سەدان هەزار دانیشتوان لە دەوروبەری بەنداوەکەدا دەژین. وێرانکردنی بەنداوەکە دەبێتە هۆی خنکاندن و وێران کردنی ژمارەیەک گوند.
۲- کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، هێلانە و شوێنی هەزاران جۆری گیانەوەر وێران دەکات و سیستمی ژینگەیی ناوچەکە تێکدەدات. لە ئەنجامی وێرانکردنی بەنداوەکەدا روەک و ملیۆنان زیندەوەر لەنێودەچن.
۳- بەنداوەکە کارەبا بە سەدان هەزار گوند و شارۆچکە دەدات. وێرانکردنی سووریا دەخاتە بارودۆخێکی سەخت و سەردەمێکی تاریکەوە.
۴- بەنداوەکە هەروەها پردێکە کە هاتوچۆی دانیشتوانی ناوچەکە ئاسان دەکات. بۆیە ئەم هێرشکردنە دۆخی ژیان سەخت دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتوە لەبەر ئەو هۆکارانە "داواکارییەکانی ئێمە لە گەلانی سووریا و هێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکان کە بانگەوازمان کردن ئەمانەن؛ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ڕاوەستێنن و هێزێکی نێودەوڵەتی بێتە نێو بەنداوەکە".
بەنداوی تشرین نزیکەی ۳۰ کیلۆمەتر لە مونبجەوە دوورە و لە ۱۲ـی مانگی ڕابردووەوە شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەو بەنداوە دەستی پێ کردووە و تاوەکوو ئێستە زیاتر لە ۴۵۰ کەس لەو شەڕەدا کوژراون.
Your Comment