بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیمانەیەکی تەلەفزۆنیدا دەربارەی دیداری لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "دیدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە سەرۆک بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەردانەم بۆ لای سەرۆک بارزانی پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سووریا و زامن کردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە، ئەم بابەتە بۆ هەموو کورد و بەر لە هەموویان بۆ سەرۆک بارزانی گرنگە".
کۆبانی دەشڵێت: هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت، لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگیی یەکدەنگیی کورد کرد بۆ ئەوەی بە یەک شاند بچینە دیمەشق، سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان گرنگیی بەم بابەتە دەدات.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "داوام لە سەرۆک بارزانی کرد کێشەمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات، چونکە هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی سەرۆک بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە، دەشڵێت: سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت و متمانەم پێی هەیە".
لەبارەی بڕیاری ڕادەست کردنی چەکی گرووپەکان لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی گوتی: ئێمە بریاری ڕادەستکردنی چەکمان نەداوە، بەڵکوو گوتوومانە، لە داهاتوو دەبین بە شێک لە سووپای داهاتووی سووریا، پێشر ئەم قسەیەمان کردووە، ئێستاش هەڵگری هەمان پڕۆژەین، هێزەکانی سووریای دیموکرات خاوەنی ئەزموونی زۆرن و دەتوانن ڕۆڵیکی گەورە لە سوپای داهاتوودا ببینن.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) دەڵێت: سەرپێچی زۆر بەرانبەر گەلی کورد کراوە، دانی پێدا نەنراوە، ئێمە کوردین و لەسەر ناسنامەکانمان نووسراوە عەرەب، لەگەڵ ئەوەداین پاشگری عەرەب لە کۆماری سووریا بکرێتەوە، دەبێت مافەکانی کورد لە دەستوور زامن بکرێن، لە زمان و خۆبەڕێوەبەری و تەواوی پرسەکاندا.
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعیش، مەزڵووم عەبدی گوتی: شەرع دەستپێشخەری کرد و بە زمانی کوردی چەند قسەیەکی کرد.
لەبارەی لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع، بەرپرسی ئیدارەی نوێی سووریاش گوتی: لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع ئەرێنین، چاودێری جێبەجێ کردنی قسەکانی دەکەین.
کۆبانی گوتیشی: ئێمە لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاین لە سووریادا، پێمان وایە ئەمریکییەکان دەتوانن کۆتایی بە کێشەکانی نێوان هەسەدە و تورکیا بهێنن.
ناوبراو لەبارەی هۆکاری ئەوەش کە سەردانی ئەمریکای نەکرد وتی: پاسپۆرتم بەناوی مەزڵوم عەبدییەوە نییە، بۆیە نەمتوانی ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ ببم.
سەبارەت بەو درۆنانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیەتی، مەزڵووم عەبدی گوتی: خۆمان درۆنەکان دروست دەکەین و هەمووی دەستکردی خۆمانە و ئێستە چەکی دژە درۆن دروست دەکەین، تاکوو ئێستا 6 فڕۆکەی تورکیامان خستووەتەوە خوارەوە.
Your Comment