بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی ۲۰۲۴ـی رەوشی ئازادیی ڕۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پار ۱۸۲ پێشێلکاری بەرامبەر ۱۷۶ ڕۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێی راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان ۲۲٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۳ کە ئەو ساڵە ۲۳۱ پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمار کرابوون.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لەمبارەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "ڕاستە پێشێلکارییەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام ئەو کەمبوونەوەیە مانای ئەوە نییە ژینگەی کاری ڕۆژنامەنووسی کراوەتر و باشتر بووە لە هەرێمی کوردستان".
لەبارەی ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆوە، ڕەحمان غەریب گوتی: "ئەم راپۆرتە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکوو باس کردنی دۆخی ڕۆژنامەنووسی و پێشێلکارییەکانیانە؛ قسەکردنە لەسەر جیاکاری، ڕەچاو نەکردنی فرەیی و دۆخی ڕۆژنامەنووسانی ژن. چیرۆکی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە".
ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ وردەکاریی زیاتری تێدایە. بەگوێرەی داتاکان، پار سێ ڕۆژنامەڤان بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، ۲۷ هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر ڕۆژنامەڤانان تۆمارکراوە؛ مانگی ۱۲ـی ساڵی ڕابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە ۴۰ پێشێلکاری بوون.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ۱۰۳ ڕێگری لە ڕۆژنامەڤانان تۆمار کراوە، ۲۴ دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەڤانان بەبێ بڕیاری دادگە، ۶ هێرشی ئەلیکترۆنی، ۱۷ دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەڤانی و ۲ شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەڤانی تۆمار کراون. ۱۰٪ـی ئەو ڕۆژنامەڤانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و ۹۰٪ـی دیکە نێر بوون.
ڕەحمان غەریب ڕەخنە دەگرێت لە پێنەدانی زانیاری و جیاکاری بەرامبەر ڕۆژنامەڤانان لە پێدانی زانیارییدا و پێیوایە لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەیێکی گەورەدایە، بۆیەش ڕاپۆرتی ئەم ساڵیان ناوناوە "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە". رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: "کۆمەڵێک یاسا بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام یان بە کەمی جێبەجێ دەکرێن یان هەر لە ئەرشیڤن".
بۆ جێبەجێ نەکردنی یاساکان، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ نموونە بە یاسای پێدانی زانیاری دەهێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە: "زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان نادرێت، رەچاوی فرەیی ناکرێت لە وەزارەتەکان بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانییەکان، هەروەها جیاکاری دەکرێت لە پێدانی زانیاری لەنێوان ڕۆژنامەنووسان. ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە پێچەوانەی یاساکەن"؛ ڕەخنەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی "دوای ۱۳ ساڵ لە دەرچوونی یاسای پێدانی زانیاری، رێنمایی بۆ جێبەجێ کردنی یاساکە دەرنەکراوە".
لە کۆتایی راپۆرتی سەنتەری میترۆدا کۆمەڵێک راسپاردە هەن کە داوا دەکات جێبەجێ بکرێن لەپێناو باشترکردنی دۆخی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا "پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەکان کە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی زەوت دەکەن، کارکردن بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، رەچاوکردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی بەرتەسک کردنەوەی جووڵەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر سنوورەکان، دەرکردنی رێنمایی بۆ یاسای پێدانی زانیاری و کۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە هەر تووندوتیژییێک بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان".
لەوبارەوە ڕەحمان غەریب ڕایگەیاند: "یاسا چۆن بۆ ئەرشیف نییە، با راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بۆ ئەرشیڤ نەبن، با حکوومەت سوودیان لێوەربگرێت، چونکە راسپاردەی گرنگیان تێدایە".
سەنتەری میترۆ لە ساڵی ۲۰۰۹ دامەزراوە، بە هاوکاریی ڕێکخراوی پەیمانگەی ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.
Your Comment