کوردپرێس:
خۆی لە خۆیدا ئەمە کێشەیەکی سیاسییە. پێشێلکارییەکان دیاردەیەکی سروشتی و دەرئەنجامی کەمیی مەشق و ڕاهێنان نین بۆ هێزە ئەمنییەکان. بەڵکوو لەلایەن لایەنە سیاسییە زلهێزەکان و سیاسەتمەدارەکانەوە ئاراستە دەکرێن بە هیوای ئەوەی کە ڕێگری لە ڕووماڵکردنی ڕووداوە هەواڵییەکان بکەن. توندوتیژی و ڕێگری و سەرکوتکردن دژە دیموکراسییە و سەروەری یاسا تێکدەدەن. پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتین.
پەرەگراف شیکارییەکی بۆ ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامداوە تا بە قوڵی شیکردنەوەی بۆ بکات و ڕەوتە تایبەتەکان دەستنیشان بکات. ئەم لێکۆڵینەوەیە سەرنج دەخاتە سەر ئەو شوێنانەی کە پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەوانی تێدا ڕوویداوە، کێ ئەنجامی داوە، دژی کام دەزگا و چ پارتێک دەستێوەردان و دەرکەوتنی هەبووە لە ڕووداوەکان.
دەرکەوت کە:
* پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەرزی ماوەتەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٢.
* لە کاتێکدا کۆی ژمارەی سەرپێچیەکان بە ڕێژەی ٤٢.٢% کەمیکردووە، کۆی ئەو ڕووداوانەی کە سەرپێچییەک ڕوویداوە تەنها بە ڕێژەی ٢٠.٤% کەمیکردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە فرێکوێنسیی ڕوودانی پێشێلکارییەکان تەنها کەمێک دابەزیوە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
* لە پارێزگای هەولێر ڕوداوەکان زیادی کردووە، سەرەڕای دابەزینی ڕووداوەکان بە گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. ئەوناوچانەی کە لە ژێر حکومڕانی پارتی دان، لە ٪٥٠ی سەرجەم ڕووداوەکانی پێکهێناوە. ڕووداوەکان لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی کەمبوونەتەوە.
* هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٦١٪ی هەموو ڕووداوەکان بەرپرسیار بوون. ئەوانەی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، دووەم خراپترین سەرپێچیکار بوون.
*ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیا NRT وەک ئامانجدارترین دەزگای ڕاگەیاندن مایەوە.
*دەزگاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی کەمبوونەوەی ڕووداوەکانیان بەخۆیانەوە بینی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسەکانیان.
ئەم شیکارییە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر بابەتێکی هاوشێوە کراوە کە لەسەر هەمان شێوە بۆ پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کرا کە لەلایەن نسارڕیکۆردەوە بڵاوکرایەوە بە هاوکاری پەرەگراف. هەردوو بابەتەکە ڕاپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ وەک بنەمایەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵە داتایەک و هەمان شیکاری میتۆدۆلۆژی بەکاردەهێنن. ئەمەش ڕێگە دەدات بە بەراوردکردنی داتاکان بۆ دەستنیشانکردنی ڕەوتەکان.
ڕووداوەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان
لە ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆدا ۲۴۹ سەرپێچی لە ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر ۲۷۴ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن خراونەتەڕوو، لەکاتێکدا لە ساڵی ۲۰۲۲دا ۴۳۱ پێشێلکاری بەرامبەر ۳۰۱ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە، ئەمەش ۴۲.۲% کەمبوونەوەی کۆی گشتی سەرپێچییەکانی پێکهێناوە.
وەک هەموو ڕاپۆرتێکی ساڵانەی سەنتەری میترۆ، بە دڵنیایەوە لە لێکۆڵینەوەکەیا داتاکان بە کەمتر حساب کراون، بەو پێیەی هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان هەڵدەبژێرن ڕووداوەکان ڕاپۆرت ناکەن بۆ ڕێکخراوی چاودێری. تەنانەت بە حسابنەکردنی تەواوی ڕووداوەکان، ژمارەی تەواوەتی لە پێشێلکارییەکان هێشتا لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆر بەرز بووە: نزیکەی ٥ پێشێلکاری کە (٤.۸) دەکات بە تێکڕا پێشێلکاری لە هەفتەیەکدا هەبووە.
لە ژمێریاری کۆتایدا، سەنتەری میترۆ ژمارەی گشتی سەرپێچیەکان دەژمێرێت، نەک ڕووداوە تایبەتەکان. کەواتە، ئەگەر سێ ڕۆژنامەنووس لە دەزگایەکەوە لە یەک ڕووداودا دەستبەسەر بکرێن، ئەمە وەک سێ سەرپێچی ئەژمار دەکرێت.
لە کاتێکدا ئەم ڕێبازە کاریگەرییە گشتییەکانی پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەگرێتەوە، ژماردن و شیکردنەوەی ژمارەی ڕووداوەکان کاری باشتر دەکات لە نیشاندانی فرێکوێنسیی و شوێن و ئەو حیزبانەی کە بەشدارن لە سنووردارکردنی کاری میدیادا.
سەنتەری میترۆ بە شێوەی ڕیزبەندی خاڵی هەموو ئەو ڕووداوانە دەخاتە ڕوو کە لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراون و لە سەرژمێری ڕاپۆرتەکەدا حساب ئەکرێن، ئەمەش وا دەکات بتوانرێت ڕووداوەکان بژمێردرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا سەنتەری میترۆ ١٠٩ ڕووداوی جیاوازی دەستنیشانکردووە کە لانیکەم یەک پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕوویداوە. ئەمەش کەمترە لە ١٣٧ ڕووداوی ساڵی ٢٠٢٢ و بە ڕێژەی ٢٠.٤% کەمبووەتەوە.
سەرچاوە: پەرەگراف
Your Comment