بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۶ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵، لە پیرمام مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەو بارەیەوە، لە پۆستێکی ئێکس دا نووسیویەتی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی جێگای دڵخۆشی بوو."
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش دەڵێت: "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی کوردان لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت. هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین."
ڕۆژی هەینی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا".
بارەگای بارزانی گوتیشی: "هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە رێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و رێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە".
Your Comment