بۆ تاتوێ کردنی پرسەکانی تایبەت بە داهاتووی سووریا، شاندێکی MSD گەیشتە بەریتانیا

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەمەبەستی تاوتوێ کردنی پرسەکانی تایبەت بە داهاتوی سووریا گەیشتنە بەریتانیا و بڕیارە بۆ ماوەی چوار رۆژ لەو وڵاتەدا بمێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و حەسەن محەمەد عەلی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک شاندەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری پێکهێناوە.

بە وتەی ئەندامانی شاندەکە، لە میانی کۆبوونەوەکاندا دۆسییەکانی پەیوەست بە دۆخی ئێستا و داهاتووی سووریا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا تاوتوێ دەکرێن، وەک ڕەوشی سیاسی و ئەمنی لە سووریا، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات سووریا و هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان تاوتوێ دەکەن.

هاوکات، شاندەکە لە پەرلەمانی بەریتانیا پانێڵێکی ئەنجامدا، کە تێیدا بەشێک لە پەرلەمانتاران ئامادە بوون و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری تاوتوێ کرا.

لەمیانەی سەردانەکەدا، شاندەکە بەشداری کۆبوونەوەیێک بوون کە باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی ئەورووپا، کارمەندانی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپا، بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی و ئەکادیمیست و سیاسەتمەدارە بەناوبانگەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوونەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ئایندەی سووریا و ڕۆڵی لە پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ کرا، هەروەها وەڵامی پرسیاری میوانەکان درایەوە.

پاشان شاندەکە لەگەڵ لۆرد ماورجە گلاسمان، ئەندامی باڵای ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا کۆ بووەوە، کە بە پشتیوانی کردن لە دایەلۆگ و هاوکاری کردن لە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت، هەروەها دیدارێکی لەگەڵ ئەندرو متچەڵ ئەنجامدا کە کەسایەتییەکی کاریگەرە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی بەریتانیا.

News Code 224718

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha