نوخبە و موحەلیلە ئێرانی و عێراقییەکان، چۆن تەریق نابنەوە؟/ کامیار سابیر

ڕاپرسییە گشتییە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن زۆرینەی ڕای گشتیی دژی ئەم شەڕەی دژ بە ئێرانە بەڵام ژمارەیەک لە نوخبە و موحەلیلە ئێرانیی و عێراقییەکان پشتگیری لێدەکەن.

لە ڕاپرسییە گشتییە جیهانییەکاندا، بە تایبەتیی نزیکتریینیان لەم ماوەیە ( CBS، سەنتەری توێژیینەوەی Pew) داتاکانیان ئەوەیان لێئەخوێنرێتەوە، زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەتیی کانەدا، وڵاتانی ئەمێریکای لاتین، ئەورووپا،  زۆربەی وڵاتە ئاسیاییەکان و ئوسترالیا و نیوزیلاند، زۆربەی هەرە زۆری مەرجەعە دینییەکان و کۆمەڵگە ئیسلامیی و مەسیحیی و تەنانەت جووە عەقڵانییەکانیش، دژی ئەم شەڕەی ترەمپ و نەتەن-یاهۆن دەرهەق بە ئێران کە گرانیی و قەلەقیی و بێبازاڕیی و بێئاسۆییان دروست کردووە. بە پێچەوانەوە تەنیا چەند وڵاتێک وەکو ئیسرائیل، نەیجیریا، ئیمارات و هیندستان، حەماسی شەڕیان هەبووە، عێراقیی و ئێرانییەکانیش، بە تایبەتیی نوخبە موهەڕیجەکانی  کوردانی عێراق و ئێران  و پەهلەوییەکان، زۆر بە تایبەتتریش بەشێک لە کوردە بەدونەکانی ئەمێریکا، لەم کاتەگۆرییەی دواوەن.

هەندێ لە قەومییە عوروبییەکان و هێزە سوننییەکانی عێراق، خەون بەوەوە ئەبینن لە رێگەی ئەم شەڕەوە (کەوتنی ئێران) کەسێک لە تائیفەی سوننیی دەسەڵاتی عێراق بەدەستبهێنێتەوە، بەشێک لە شیعەکان ، بە تایبەتیی ئەوانەی بوونە بە بوقی ئەمێریکا و ئیسر-ائیل، خەونی رەنگاوڕەنگی خەلیجیی ئەبینن. پەهلەوییەکان، خەونی حوشتری گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەتی شاهەنشاهیی ئەبینن، بەڵام حەماسی هیچیان بە ئەندازەی کوردە نەژادییە موکریانییەکان و نوخبە قەومچییەکانی سلێمانیی و هەولێر و نەرجسییە بێسەوادەکانی تاراوگە، فرە فرە نەفڕییبوو!

ئەم نوخبانە، زۆریینەی رەهایان لە قەومییە نەژادپەرستە شۆڤینییەکانی کورد ئەژمار ئەکرێن، بەشێکی زۆریان بندیواری میدیاکانی پارتیی و یەکێتیین یان رەیعخۆری ئەم مەسئولی گەندەڵ و ئەو مەسئولی میلیاردێری کوردایەتیین، هەر بۆ پێکەنیین، هەندێکیان پێیانوابوو، ئەفسەرەکانی سوپای پاسداران، لە ژێر خەیمەکەی سەفواندا (سەفوانی عێراق لەسەردەمی شەڕی کوەیتدا)، بۆ ئەمێریکیی و ئیسرائیلییەکان ئەنوشتێنەوە! بەشێکی تریان زۆرتر ئەڕۆیشتن و ئەفسانەی پڕ لە حەماقەتی نەتەوەیی، دوو دانە دوویان ئەکرد بە یەک و کوردستانی ئێران و عێراقیان لێکهەڵئەدوریی و جەواڵی دەوڵەتی قەبیلەیی کوردییان، خەتم ئەکرد.

لە سەروو هەموویشیانەوە، ئەو نوخبە و ئۆپۆزیسیۆنانە زۆر توشی خەجاڵەتیی بوون کە بەهۆی کوشتنی هەندێ چەکداری هێزە کوردییەکانی ئێران (ئەو هێزانەی گەورەتریین حەماقەتی سیاسییان کرد لەگەڵ دەسپێکی شەڕدا، بڕیاری رووخاندنی کۆماری ئیسلامییان دا)، رێک کەوتنە ناو هەڵای مێدیای سێبەری دەسەڵاتی چەتەگەریی کوردایەتییەوە و پۆپیولیزمیان تەخشان ئەکرد، گوایە بەرهەمەکەی لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا، ئەچننەوە و تەحصیڵی رزقەکەیان لە ئەندام پارلمانییدا، کۆئەکەنەوە.

باشیی ئەوەی زمانێکی تر بزانیت جگە لە کوردی (لێرەدا کرمانجیی ناوەڕاست-سۆرانیی)، ئەوەیە کە پێویستت بەوە نییە گوێ لەو هەموو موهەڕیج و رەیعخۆر و بندیوار و ئەکادیمییە بێفیکر و نوخبە موبایەعەچییە عێراقیی و ئێرانیی و کوردییە بگریت، بەڵكو گوێ لە دەیان نوخبەی جیهانیی و کەسانی عەقڵانیی و بێلایەن ئەگریت و رەش و سپیی بە باشیی لێک جودا ئەکەیتەوە. 

ناڵێم دۆڕانی ئەمێڕیکا و ئیسرا-ئیل، بەڵام سەرنەکەوتنی ئەم دوو دەوڵەتە لەم شەڕەدا، بە قازانجی ئاشتەوایی دێت لە هەموو جیهاندا، ئەم کەڵەگایی و عەنتەرییاتەی تەحالوفی لۆبییە ئێپستینییەکان، سەری بگرتایە، کارەسات و ئاژاوەی زیاتر بەرۆکی بە جیهان ئەگرت، قەیرانی ئابووریی قووڵتر ئەبووەوە و هەژاریی و برسییەتیی، دونیای ئەتەنییەوە. خۆشبەختانە، بەهاوکاریی چین و روسیا، ئێران توانیتی کەمەری هەژموونی عەسکەریی و ئەمنیی ئەمێریکا بەشێوەیەک بشکێنێت کە لە شەڕی ڤێتنامەوە، شکستی وا قورسی بەرنەکەوتووە. لەسەروو هەموو شتێکیشەوە، بە قازانجی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، ئەشکێتەوە  کە ناکەونە ژێر چەپۆکی هێزە چەکدارە مورتەزیقەکانی ئیسرائ-یلەوە، وەکو کوردستانی عێراق، ناکەونە ژێر توغیانی میلیشیاکانی کوردایەتییەوە و شەڕی ناوخۆ و تەقوتۆقی گومرک و  داهاتەکانی سەر سنوور نابینن.

وێڕای ئەوەی ستەمکارییەکانی ئێران دەرهەق بە گەلانی ئێران، زۆر زۆرە، بەڵام  باشترە، دەستی لێ نەدرێ، بۆ ئەوەی خراپتر نەبێت، ئەمەش حیکمەتی سیاسیی و واقیعییەتی سیاسیی و جیۆپۆلەتیکە. جمهوری ئیسلامیی ئێران، گەر خەڵکی ئێران بیڕوخێنن شتێکی باشە، بەڵام بەم کاولکاریی و وێرانکارییەی ئەمێریکا و ئیسرائیل دژ بە شارستانییەتی ئێرانیی گرتوویانەتە بەر، زیانی بۆ هەموو دونیا و بۆ گەلانی ناوچەکە و  بۆ کوردیش بە تایبەتیی هەیە.

نزیک بە سێ مانگە، ئەم جۆرە نوخبانە و ئەم مێدیا سێبەرە پارە تێکراوانە، قیڕەقیڕ و گارەگار ئەکەن، بەڵام تەریق نابنەوە و بگرە  فیشکەی حەماسیان ئەگەیشتە تەلئەبیب و واشینگتۆن، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کڕووزانەوە و شیعر و وتار و تەحلیلیان بە کاڵیی و کوڵاویی، تەخشان ئەکەن، سەرەنجام، هەموو خەونەکانی ترەمپ و لۆبییە زای-ۆنییەکان، لە بن دیوارە رادعەکانی (Deterrent wallچەپەر) چیندا کە (ئێرانە)، بە رێککەوتن کۆتایی دێت، تەنانەت گەر پاش ماوەیەکی تر گەڕێکی تریش لە شەڕ دەستپێبکاتەوە، خەونی ئەفسووناویی ئەم نوخبە نەژادیی و نەتەوەیی و پەهلەویی و زایۆنییانە، هەر بەدی نایەت.

News ID 227236

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha