ئیلهام ئەحمەد دوای نۆ ساڵ گەڕایەوە بۆ عەفرین

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەسەدە، لە دوای ساڵی ۲۰۱۸ و داگیرکردنی عەفرینەوە، بۆ یەکەمین جار سەردانی عەفرینی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەبارەی وردەکاریی سەردانەکەیەوە ڕایگەیاند، دوای ۹ ساڵ سەردانی گوندی زەرکای سەر بە شارۆچکەی ڕاجۆی لە شاری عەفرین کرد و لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازیی لێ کراوە.

ئیلهام ئەحمەد لەبارەی ئامانجی دیدارەکانی لەگەڵ خەڵکدا ڕایگەیاند: "لەو سەردانەدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانمان لە گەلەکەمان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ هاووڵاتییان دانیشتین"، گوتیشی: "بە تەواوی گوێمان لە کێشە، داواکاری و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی ناوچەکە گرتووە".

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەوەش کردەوە، لەم سەردانەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی حکوومەتی کاتی کۆ بووەتەوە و وتی: "لە لایەن خەیرۆ ئەلعەلی داود بەڕێوەبەری ناوچەی عەفرین و سوراقە عەمۆری بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆ لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی عەفرین پێشوازیمان لێ کرا، لە کۆبوونەوەکەشدا دۆخی ناوچەکە، کێشە بەردەوامەکان و کارووبارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە".

News ID 227237

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha