ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری گرینگە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان کرد پرسی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى سەردانه‌كه‌يدا بۆ بەغدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ۱۳-۰۱-۲۰۲۵ لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کۆ بووەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پەیوەندییەکانی هەولێر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له‌ گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرايه‌وه‌؛ هەردوولاش هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پەرەپێدانی هاريكاريى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵاتدا بدات.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، کردووەتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کرد، "له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی ۲۰۲۵ رۆڵی خۆیان ببینن، به‌ جۆرێک که‌ دادپه‌روه‌ری له‌ ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات،‌ به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌کو هه‌موو ‌عێراق."

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانگارييه‌كانى سووريايان تاوتوێ کرد، جەختيان لەسەر گرنگيی هەماهەنگيی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان كرده‌وه‌.

News Code 224710

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha