بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى سەردانه‌كه‌يدا بۆ بەغدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ۱۳-۰۱-۲۰۲۵ لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کۆ بووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پەیوەندییەکانی هەولێر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرايه‌وه؛ هەردوولاش هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پەرەپێدانی هاريكاريى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵات‌دا بدات.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، کردووەتەوە.
له‌وباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی داوای له سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کرد، "له هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی ۲۰۲۵ رۆڵی خۆیان ببینن، به جۆرێک که دادپه‌روه‌ری له ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات، به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌کو هه‌موو عێراق."
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه و گۆڕانگارييهكانى سووريايان تاوتوێ کرد، جەختيان لەسەر گرنگيی هەماهەنگيی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييهكان كرده‌وه.
Your Comment