بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی نوێی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکە کە شاکر حوسێن، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەبوو، دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئێران لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
هاوکات دزەیی پاڵپشتیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لە پێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکرنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ سوود و بەرژەوەندىی هەردوولا.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری ئیسلامى ئێران، پەڕاوى فەرمى دەستبەکاربوونى پێشکەش بە بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت کرد و خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لە هەولێر دەستبەکار بووە، هاوکات هیواى خواست بتوانن بە یەکەوە ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەتووتر.
هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەندى دێرینى نێوان هەردوولا و دراوسێیەتى کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەرێمى کوردستان هەمیشە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە پێناو سوودى هەردوو گەلى دۆست.
Your Comment