ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی، لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ڕەقە دەستپێشخەرییەکی بۆ بنیاتنانی "سووریای نوێ" ڕاگەیاند و دەڵێت: "لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، سووریا چووە قۆناغێکی نوێوە، بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ئینتقالییە بە سەرکەوتوویی دەربچین، پێویستە کۆ ببینەوە و کار لەسەر کێشانی نەخشەڕێگای هاوبەش بکەین.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی ئاماژەی بەوەش كرد: "سیاسەتی وەدەرنانی و پەراوێزخستن کە سووریای وێران کرد دەبێت کۆتایی بێت و هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان بەشداری بن لە بنیاتنانی سووریای نوێ، بە قۆناغی ئینتقالیشەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە چاو لە ڕێبازەکانیان بەرامبەر یەکتر بخشێننەوە، هەروەها بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان بخەنە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوە".
ئیدارەی خۆسەری باسی لەوەش كرد، "ئێمە پێمانوایە کە هاوکاری نێوان خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق لە بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان دەبێت، و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکاری بۆ دەرچوونێکی سەرکەوتوو لەم قۆناغە سەختە".
ئەوەشی خستەڕوو، "وەک داننان بە بەرپرسیارێتی خۆمان، لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرامبەر بە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانیەوە و لە وەڵامی ئەو ئەرکانەی کە گەلی سووریامان بۆمان دیاریکراوە، ئەم دەستپێشخەرییە پێشنیار دەکەین بۆ سووریا- دیالۆگی سووریا بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ".
ئیدارەی خۆسەری ڕوونیكردەوە، ڕۆڵی ئەرێنی وڵاتانی عەرەبی و دۆستان لە پاڵپشتی کردنی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەرز دەنرخێنین، هەروەها پێویستی درێژەدان بەم پشتیوانییە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە مافی پێکهاتەکان و مەزهەبەکان زامن بکات، بەپێی ئەو بناغە دیموکراسیانەی کە بنەمایەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمەی نەتەوەیی سووریا دادەمەزرێنن کە هەمووان بەشداری تێدا بکەن.
لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو هێزەکانی سووریا دەکەین کە پێکەوە کاربکەن لە پێناو بەدیهێنانی ئەم هەنگاوانەی کە لەم قۆناغەدا بە گرنگ دەزانین، کە بەم شێوەیەن:
۱- پاراستنی یەکڕیزی و سەروەریی خاکەکانی سووریا و پاراستنیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی.
۲- ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو خاکەکانی سووریا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمە و بنیاتنەری نیشتمانی.
۳- گرتنەبەری هەڵوێستی لێبووردەیی و دوورکەوتنەوە لە ڕق و خیانەت لە نێو سوورییەکاندا، سووریا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە و مەزهەبەکانی و ئەم دەوڵەمەندی و فرەچەشنییە دەبێت لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و دیموکراسیانە بپارێزرێت.
۴- ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە بەشداری هێزە سیاسییەکانی سووریا لە دیمەشق بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە قۆناغی ئینتقالی.
۵- بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا.
۶- جەخت دەکەینەوە کە دەبێت سامان و سەرچاوە ئابورییەکان بە دادپەروەری لە نێوان هەموو ناوچەکانی سووریادا دابەش بکرێن، چوونکە سەر بە هەموو گەلی سووریان.
۷- دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەن و ئاوارە بۆ ناوچەکانیان و پاراستنی میراتی کولتوری خۆیان و کۆتایی هێنان بە سیاسەتەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی.
۸- لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوویاندا، بەردەوامی شەڕی تیرۆریزم دووپات دەکەینەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش نەگەڕێتەوە، لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
۹- کۆتایی هێنان بە دۆخی داگیرکاری و جێهێشتنی بڕیار بۆ گەلی سووریا بە مەبەستی نەخشەدانان بۆ داهاتووی خۆیان و جێبەجێ کردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش.
۱۰- پێشوازی لە ڕۆڵی بنیاتنەری وڵاتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتوەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە پرسی سووریا دەکەین، داواش لە هەموویان دەکەین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر بگێڕن لە پێشکەش کردنی ئامۆژگاری و پشتیوانی بۆ گەلی سووریا و بۆ نزیک کردنەوەی دیدگاکانی نێوان مەزهەب و پێکهاتەکانی بە شێوەیەک کە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش مسۆگەر بکات و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریا بوەستێنێت.
Your Comment