بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوسەرۆکایەتی PYD لەسەر دوایین لێدوانەکانی هەیئەی تەحریری شام دەربارەی کورد، گوتی: "بە وردی سەرنجماندا بۆ وتەکانی فەرماندەی هەیئەی تەحریر شام، ئەحمەد شەرع دەربارەی کورد و دۆزی کورد، کە گوتی: "کورد بەشێکن لە وڵاتەکە و هاوبەشن لە سووریا". هەروەها باسی گرنگی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرینی داگیرکراوی کرد بۆ هەرێمەکەیان. وەک پارتی یەکێتی دیموکراتیک ئەم لێدوانانە بە ئەرێنی و بنیاتنەر دەبینین".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کورد بەدەست سیاسەتی نکۆڵی کردن و زەلیل کردنی ڕژێمی بەعسەوە ناڵاندووییانە و لە درێژەی قسەکانیدا هاتووە: "کاتی ئەوە هاتووە کە کورد ببێتە هاوبەش لە بنیاتنانی سووریا و مافەکانیان مسۆگەر بکرێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە سەردەمی شۆڕشدا کورد بووە سەرچاوەی ئاسایش، هێزی سەرەکی بوون بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی سووریا و تەونی کۆمەڵایەتی و کەلتووری سووریا.
هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە هەروەها تیشکی خستۆتە سەر "گرنگیی بەشداری کورد لە قۆناغی ڕاگوزەر بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ. بۆ ئەمەش، پێویستە ڕاستەوخۆ دیالۆگ لەگەڵ کورد بکرێت و نەخشەڕێگای هاوبەش دابنرێت. ئێمە بانگەوازدەکەین بۆ وەستاندنی شەڕ لە هەموو سووریا، هەروەها بانگەواز دەکەین بۆ وەستاندنی هێرشەکان لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتیمانیی سووریایی کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، تاوەکوو ڕێنمایی کاری هاوبەش دیاری بکرێت".
Your Comment