بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە وتارێکدا لە میانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: "ناکۆکییەکان بەر لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەک هەبوو".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: "دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو نەخشەی قەیرانەکان گۆرانگاری بەسەردا هاتووە بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەو بەروارەش ناکۆکییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەمووان هەبوو لە نێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان".
مەشهەدانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەکە دەبنەوە بە تایبەت هەرێمی کوردستان، پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە بەراورد بە ئێستە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: "گڕکانی ئاڵۆزییەکان لەو شوێنانەی کە هەبوون بەرەو ناوچەی تر فراوان بووە، لە هەمانکاتدا ڕێککەوتن و ئاشتییە کۆن و نوێیەکان بایەخیان پێ نادرێت".
شایانی باسە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی شاری دهۆک ڕۆژی هەینی ۲۲ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۴ دەستیپێکرد و بڕیارە بۆماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.
Your Comment