کاریگەریی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لەسەر دۆخی کوردانی سووریا

یووسف جان ڕێکخەری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ویلسۆن بڕوای وایە بارودۆخی کوردەکانی سووریا زیاتر لەوەی کە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکاوە بێت پەیوەندیی بە پێوەندییەکانی واشنتۆن و ئیستەنبووڵەوە هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا کە بڕیارە دوو ڕۆژی تر بەڕێوە بچێت، نیگەرانیی کوردەکانی سووریای لێکەوتۆتەوە. لانیکەم دوو بەرپرسی باڵای کوردی سووریا - مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزە کوردییەکانی سووریا و سینەم محەمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کورد لە ئەمریکا - نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەربڕیوە. ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی کوردی سووریا ڕایانگەیاندووە: لە ساڵی ٢٠١٩ پاش کشانەوەی نیوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریا، ترامپ زەمینەی بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە خۆش کرد کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریادایە. کاملا هاریس، ڕکابەری دیموکراتی دۆناڵد ترەمپ، چەندین جار ترمپی تۆمەتبار کردووە بە خیانەتکردن لە کوردەکانی سووریا.

بەڵام یووسف جان شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکخەری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ویلسۆنی ئەمریکی پێی‌وایە کە سەرۆکەکانی ئەمریکا بەتەنها، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دۆخی کوردی سووریا نییە، بەڵکوو ئەم بابەتە زیاترە پەیوەندی بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکاوە هەیە.

ئەم شرۆڤەکارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆ لەگەڵ مات برومفیڵد، شارەزا و ڕۆژنامەنووس لە بواری پرسی کورد، جەختی لەوە کردەوە کە پرسی کورد لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر بەسراوە بە مامەڵەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی کاریگەری ڕووسیا. ناوبراو پێی وایە بوونی ئەمریکا لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکاندایە، زیاتر بۆ ڕێگرتنە لە نفووزی زیاتری ڕووسیا، نەک بەرگری کردن لە کوردەکانی سووریا.

یووسف جان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە نزیک کردنەوەی تورکیا و کوردی سووریا ڕایگەیاند: پرسی کورد و تورکیا کە کوردەکانی سووریا و عێراقیش دەگرێتەوە، پەیوەندییەکی کەمی بە ئامادەبوون یان دەستوەردانی ئەمریکا لە سوریا هەیە، بۆیە بە گوتەی ناوبراو، بێ ئاوڕدانەوە لەوەی کە چ کەسێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، واشنتۆن ناتوانێت کۆتایی بەم ناکۆکییە بهێنێت و تەنانەت ئەگەر کاریگەریش بێت، ناتوانێت بیکاتە ئامرازێک بۆ هاوکاریی نێوان ئەو دووانە بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا هەنگاو بنێت .

ناوبراو دەڵێت ڕەنگە هەڵبژاردنی هاریس یان ترەمپ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پشتیوانی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا نابێت. بەمحاڵەشەوە یووسف جان بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، باس لە ئەگەری گۆڕیانی ستراتیژیی ئەمریکا لەبارەی پشتگیری کردن لە کوردەکانی سووریا دەکات.

News Code 224317

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha