بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا.
دوای کۆبوونەوە، هەردوولا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا، فوئاد حوسێن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: هەڕەشەکان لە عێراق بۆ ئەوەیە بخرێتە نێو جەنگەوە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی شەڕ لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لە عێراق دوور بکەوێتەوە.
گوتیشی: تەنیا دەوڵەت بڕیار لە شەڕ یاخود ئاشتی دەدات، بەگوێرەی دەستووری عێراق پێویستە دوو لەسەر سێی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر بڕیارەکە بدات.
هەروەها گوتی: بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسڕائیل بۆ جەنگ بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد رۆل بگێڕن بۆ ڕاگرتن و تەشەنەنەکردنی جەنگ لە فەڵەستین و لوبنان، چونکە فراونبوونی بەرەی جەنگ دەبێتە دروستبوونی نائارامی و سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش لە ناوچەکەدا.
لای خۆشییەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوی ئێران رایگەیاند کە ئەوان هەم بۆ جەنگ و هەم ئاشتی ئامادەن، بەڵام لای ئەوان ئاشتی پەسندترە.
ڕاشیگەیاند کە بە بڕیاری عێراق بۆ بەکارنەهێنانی ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردن خۆشحاڵە و ئەمە هەڵوێستێکی دۆستانەیە و ئێمەش هەر ئەوە لە عێراق چاوەڕێ دەکەین.
Your Comment