بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڤاڵ ئەبووبەکر له نووسینێكدا كه ئاراستهى گۆڕانخوازانى كردووه نووسیویهتى: "گۆڕان، پێش ئەوەی کاردانەوە، یان هێزی سیاسیی، یان بەرژەوەندیی، یان خواست و ئارەزوو بێت، ویست و پێویستییە، ئیرادەیە، بەردەوامیی و ڕاستڕێ کردن و ماندوونەبوون و سووربوون و جەسووربوون و مکووڕبوون و شێرگیریی و داکۆکی کردن و دادگەریی و ئامانجە، قبووڵ کردنی یەکتر و کاری پێکەوەیی و خۆنەویستیی و خۆبەخشیی و قوربانیدانە، تێپەڕاندنی خۆبەکەمزانیی و پەراوێزخستن و چەقبەستویی و کۆیلایەتیی و شکستخواردنو بێباکیی و نائومێدییە، بەشدارییەکە بۆ خزمەتی گشتیی و مۆدێلێکی ڕەوای هاوڵاتیی سەنتەریی و یاساسەروەریی حکومڕانییەکی ڕشت و ڕەشید و ژێر چاودێریی و لێپرسینەوە و تیوار و دادگەر، بەشێواز و ڕێگا و میکانیزمی یاساییانە و مەدەنییانە و مرۆییانە؛ پشت بەستوو بە سەرمایەی مرۆیی نیشتمانەکەمان کار بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و ئاسایش و ئابووریی ستراتیژی نیشتمانیمان دەکات".
ناوبراو جهختی كردوهتهوه: "گۆڕان تەوژمێکە بۆ خزمەتی گشتیی، نەک بۆ دەستکەوتی تایبەتیی، ئەم تەوژمە واقیعبینە لۆژیکییە، لە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە دەستپێدەکات، هەر لەپێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینەوە، لەگەڵ کێشانی نەخش و نەخشەی ڕاپەڕیندا، کار لەسەر ئەوەدەکات؛ کە چۆن ئەو شار و شوێنانەی ئازاددەکرێن؛ بپارێزرێن، لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپەڕیندا؛ هەوڵی مکووڕانەی فەرهادانە دەدات: دەوڵەتداریی بنیاتبنرێت، نەک دەسەڵاتداریی، زانیارییو ئەزمونی شکستو سەرکەوتنەکان تۆماربکرێن، نەک تیرۆربکرێن".
هەڤاڵ ئەبووبەکر ئهوهشى ئاماژه پێكردووه، "لەئێستادا؛ بەهۆی خۆپارێزیی و سیاسەتی بۆڵبژێرانە و گزیلەیەککردن و خراپیی و ناڕاستیی پۆستەچیی و تەتەر و بێتمانەیی و دابڕان و دوورکەوتنەوە لەیەک، بەهۆی ون کردنی ڕێگا و وێڵبوون و لەبیرخۆبردنەوەی هۆکار و ئەنجام و پاکێج و ستراتیژ و ئامانجەکانەوە، دابەشبوونێکی نالۆژیکیی هاتۆتەکایەوە، کە هەر بەشێک بەهانەو ئەرگومێنتی ڕەواو ناڕەوای بەشی خۆی پێیە، بەڵام ئەو ناوەندەی کە هەموو لا دادی خۆیان دەبەنەوە بەردەستیان و شەڕی خۆیانی پێدەکەن و شەڕی بۆ دەکەن و لەڕووی دەستورییەوە لە دوای کۆنگرەوە، باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانە؛ نائامادە و نادیار و ناکارایە، ئەم گەمەی یەکترخواردنە، بێ دادوەر بەڕێوەدەچێت، وریانەبین پێدەچێت؛ بە هەموولا سەری گۆڕان بخۆن".
به بۆچوونى ههڤاڵ ، "لەئێستادا، لەسەر ئەم بنەمایانەی باسکران؛ کەس لەخۆمان بەگۆڕانتر نازانین، دۆخی گۆڕان هەرچۆن بێت، هەرچی بێت، وەک هەناسە، وەک ئاو، وەک ناو، وەک بون، وەک مانەوە، وەک بەردەوامبونو گەشەکردن؛ پێویستمان بەگۆڕانە، هەموو شتتان کوشت، بەخودی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفایشەوە، کە نەمرد؛ کوشتتان، تکایە؛ گۆڕان مەکوژن، با تروسکایی ئومێد نەکوژێتەوە، با ڕەنجبەخەسارانە، بەسەری بڕاوەوە، بەبەرگی دڕاوەوە؛ نەگەڕێنەوە، پێکەوە بێ وەسیتو ڕەقیب؛ دابنیشن، متمانە دروستبکەنەوە، متمانە وەک خۆشەویستیی قوربانیدانو بەخشینو دان بەهەڵەو لێبوردنی دەوێت، بۆ جارێک سەرکردەبن، سەری کۆکەرەوەبن، نەک سەرکەش و سەرەڕۆ".
Your Comment