بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی ڕووداو بڵاوی کردەوە ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی دەڵێت، تاوەکوو پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات، هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی یەکلایی دەکرێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دووشەممە ۹ـی ئەیلوولی ۲۰۲۴، دەستەى سەرۆکایەتىی جڤاتى گشتیی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە سەرۆک، جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتى بزووتنەوەکە. بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە سەرۆکى جڤاتى گشتى پاش هەڵبژاردنى، دەبێتە ئەندامى خانەى راپەڕاندن.
لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا، جەلال مستەفا محەممەد، ناسراو بە (لیوا جەلال) بە سەرۆک، جەعفەر عوسمان خەیات، بە جێگرى سەرۆک و عەتا مەحموود محەممەد، ناسراو بە عەتا هەوڵویی، بە سکرتێرى جڤاتى گشتى هەڵبژێردران.
بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە: "هەڵبژاردنەکە لەژێر رۆشنایی راسپاردە و بڕیارەکانى دووەمین کۆنفڕانسى نیشتمانى بزووتنەوەکە بووە و پڕۆسەکە بە ئامادەبوونى زۆرینەى رەهاى ئەندامەکانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرپەرشتى ژوورى هەڵبژاردن لە مەکۆى سەرەکى، بەڕێوەچوو".
بەپێى دەستورى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان جڤاتى گشتى جڤاتێکى راوێژکارییە، دەستەى سەرۆکایەتییەکەى لە سێ ئەندام پێکدێت (سەرۆک، جێگر و سکرتێر)، سەرۆکى جڤاتى گشتى پاش هەڵبژاردنى راستەوخۆ دەبێتە ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان.
نزار مهحمود ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییان پێبێت، دوای تەواوبوونی جڤاتی گشتی، ئێستا هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و دوای ئەو رێکخەری گشتی دەکرێت".
رۆژی ۱۳-۱۰-۲۰۲۱ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی بزووتنەوەکە لە هەڵبژاردنی ۱۰-۱۰-۲۰۲۱ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانێتی کرد، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە ۷ کەس پێکدێت: رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی.
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.
ئەرکەکانی رێکخەری گشتی بریتین لە سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی، هەروەها لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە.
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە کە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر هەڵدەبژێرێت، لە زیاتر لە ۴۰ کەس پێکدێت، بریتین لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، باژێروان، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رێکخەری ژوورەکان، نوێنەری ئەنجوومەنەکانی رەوەندی کوردی لە هەندەران و نوێنەری کاروباری رێکخراوەیی ئافرەتان.
Your Comment