لە هێرشێکی تورکیا، فەرماندەیەکی باڵای هێزەكانی ئاسایشی کوردستانی سووریا  گیانی لەدەست دا

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاڤا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆسەر شاری قامیشڵۆ، ئەندامێكی ئیدارەی هێزەكانیان گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی سیخوڕیەوە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانمانی لە گەڕەکی ئوم فورسانی شاری قامیشلۆ کردە ئامانج، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی تێدا کراوەتە ئامانج خاڵی هێزەکانمانە".
ئاماژەی بەوەش كرد، "لەئەنجامی ئەو بەئامانجگرتنەدا، یەکێک لە ئەندامانی ئیدارەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شاری قامیشلۆ شەهیدبوو".
هێزەكانی ئاسایش باس لەوەش دەكەن، "هێرشەکانی سوپای فاشیستی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانمان، بە ئامانجی تێكدانی ئاسایش و ئارامی گەلەکەمانە بەردەوامە و ئەو ئامانجە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی لەو خاڵەدا پشێوییەک دروست بکات، بۆ ئەوەی تاوانبارەکە یاخی بێت و دواتر بتوانێت هەڵبێت، بەڵام هێزەكانمان نەیانهێشت ئەو پشێویە لەو کاتەدا سەرهەڵبدات".
ئەوەشی خستەڕوو، "هێزەکانمان لە هەمو بارودۆخێکدا بەردەوامن لە کارەکانیان و زیاتر لە هەموو کاتێک هەوڵدەدەن بۆ شکستپێهێنانی پلانەکانی لەشکرکێشی فاشیستی تورکیا بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".
لای خۆیەوە ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، "فەرماندەیەکی باڵای هێزەكانی ئاسایشی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ سێشەممە لە تەقینەوەیەک لە نزیک گرتوخانەیەک لە پارێزگای حەسەکە گیانی لەدەستداوە".

News Code 224024

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha