سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە دەنگدانەوە

سەرۆک‌کۆماری عێراق داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوویەوە و دەنگی لەسەر بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک‌کۆماری عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا داوای کردووە، پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەنە خشتەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

سەرۆک‌کۆماری عێراق لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "لەپێناو بەرژەوەندی گەل و پێزانین و وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و ئەو قوربانیانەی گەلی کورد، کە ڕووبەڕووی کیمیاباران و ئەنفال بوونەتەوە داوا دەکەین پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت."

لەو بارەیەوە چرۆ حەمە شەریف، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی وتی: "بۆ خوێندنەوەی سێیەم و کۆتایی هێنان بە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 87 ئیمزای پەرلەمانتارانمان کۆ کردۆتەوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردووە، کە نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکانی تێدایە و داوامان کردووە خوێندنەوەی سێیەم بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".

News Code 223965

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha