شەڕی ئێمە شەڕی حکوومەتی شام نییە

یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دەڵێت: شەڕی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشقدا نیە، وێڕای ئەمەش هەرچەندە هێرش کردن هەبێت، ئەوا وەڵامی توندترمان دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن کۆچەر، یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆسەر لەبارەی هێرشەکانی حکوومەتی دیمەشق و میلیشیا چەکدارەکانەوە بۆ سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی فۆرات نیوز ئەنجام داوە کە لەدرێژەدا هاتووە:

یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری حەسەن کۆچەر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دەوڵەتی تورکیا هاندەر و پشتیوانی هێرشە چەکدارییەکانی چەتەکانە بۆسەر دێرەزوور، کە لەئەنجامدا چەندین مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

درێژەی چاوپێکەوتنەکەی کۆچەر بەم شێوەیە؛

خواستیان دروست کردنی شەڕی نێوان کورد و عەرەبە

کۆچەر لەسەرەتای قسەکاندا باسی لەوەکرد ئەو ڕێکەوتنانەی کە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبیدا بەستوویەتی، هێرش کردنە بۆ سەر یەكێتی نێوان کورد و عەرەب و بۆیە پێویستە لە دژی هێرشەکانی بوەستینەوە و وتی: "پێویستە شۆڕشی گەلی خۆمان و سیستەمی دیموکراتیکی بپارێزین. لە دەرنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین شەهیدی مەدەنیی لێکەوتەوە، وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین. هێرشەکانی سەر دێرەزوور لە ساڵی پارەوە دەستیپێکردووە و لەمساڵیشدا بەردەوام بوو. ئامانجی ئەم هێرشانە نانەوەی بشێوەیە لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەب لە هەرێمەکدا ئەمەش مەرامی دروستکردی ناسەقامگیرییە لە هەموو بەش و پێگەکانی کۆمەڵگەی هەرێمەکە. لەم ڕووەوە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە پێناو پارێزگاری لە گەلانی هەرێمەکە وەڵامی پێویستی هەبوو."

هێرشەکان دەچێتە خزمەتی دەوڵەتی تورکیاوە

لە بەردەوامی قسەکانیدا کۆچەر ئاماژەی بە هێرشەکانی حکوومەتی دیمەشق کرد و وتی: "بێگومان ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەک خزمەت بە حکوومەتی شام ناکات، هەمووی دەچێتە خزمەتی دەوڵەتی تورکیاوە. ئەو کۆمەڵکوژییەی سەر دێرەزوور دەرخەری ئەوەیە کە حکوومەتی دیمەشق لە خزمەتی گەلی سووریادا نیە. بۆیە لەم ڕووەوە حکوومەتی دیمەشق بووە بە خزمەتکاری ئامانجەکانی دەوڵەتانی دەرەوە بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا کە ئامانجی دروست کردنی ئاڵۆزی بەرفراوانە لە سووریادا. هەروەها ئەو ڕێکەتنانەی لەگەڵ سووریا و عێراقدا کردووەیەتی هەمووی بۆ کۆتایهێنانە بەدەستەکەوتەکانی گەلی کورد."

زیندووکردنەوەی نیوعوسمانیگەری ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە

لە بەردەوامیی قسەکانیدا کۆچەر باسی لە ئامانجە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد بەوەی بۆ پێکهێنانی نیو-عوسمانییە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا، تەنها مەبەست بۆ لەناوبردنی کورد نیە بەڵکوو بۆ لەناوبردنی هەموو گەلانی هەرێمەکەیە. لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ٢١ عەرەب لە ٦ی ئازاردا لە سێدارەدران، بۆیە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی شەهیدانی عەرەب ناودەبرێت. هەموو ئەم قڕکردنانەش بۆ یەک ئامانجە، ئەویش زیندووکردنەوەی عوسمانیی نوێیە. لە عێراق و سووریادا داگیرکارییەکانی دەستپێکردووە. لەبری ئەوەی ئەو دەوڵەتانەی لەدژی ئەم داگیرکارییە بوەستنەوە، بەداخەوە دەبینین دەچنە ڕێکەوتنامەوە لەگەڵ  دەوەڵەتی تورکیادا. ئەم ڕێکەوتننامانە بە کوشتدانی گەلە بەدەستی دەوڵەت.

هێرشەکانی سەر دێرەزووریش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەتننامانەدایە، ڕەنگە بەناوی چەتەکانەوە ئەم هێرشانە کرابێت، بەڵام لە بنەمادا ئامانجی ڕێکەوتننامەکانە. بەم هێرشانەش مەرامی دروستکردنی بشوێییە لە نێوان گەلی کورد و عەرەبدا لە هەرێمەکەدا. بۆیە هەڵوێستی گەلەکەمان، بە تایبەت گەلی عەرەب هەڵوێستییان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی. کە لە ڕاستیدا هەڵوێستێکی پێرۆزە. ئەمەش یەکگرتووی نێوان گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرخات."

کەس ناتوانێت دەستکەوتەکانمان لەباربەرێت

لە کۆتایی قسەکانیدا کۆچەر جەختی لەوەکردەوە هەموو ئامانجی بەڕێوەبەری خۆسەر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانە و وتی: "لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین، زیاتر یەکگرتووی نێوان کورد و عەرەب پەرەپێدەدەین. هەموو ڕێکەتنەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ تێکدانی نێوان گەلی کورد و عەرەبە بۆیە پێویستە زۆر باش ڕاوەستە لەسەری بکەین. وەک ئەوەی لە پێشودا کراوە، ویستوومانە لەگەڵ حوکومەتی شام، دەوڵەتی سووریادا لە گفتوگۆدا بین، چوونکە شەڕی ئێمە شەڕی حکوومەتی شام نیە. بەڵام گەر بەردەوامی بە هێرشەکانیان بدەن ئەوە وەڵامی توندترمان دەبێت. ئەوەی لە دێرەزوور ئەنجامدا پاراستنی ڕەوا بوو. وەک سیستەمی بەڕێوەبەری پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکەوتەکانمان لەبار بەرێت".

News Code 223962

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha