مه‌سعوود بارزانی: پارتی بۆ ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ خه‌ڵکی کوردستان سه‌رفراز بن

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی بۆ ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ خه‌ڵکی کوردستان سه‌رفراز بن و دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کوردستان هه‌رده‌م پارێزراو و به‌هێز بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سعوود بارزانی له ‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی ۷۸ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبه‌که‌ی بڵاویکرده‌وه‌: "به‌بۆنه‌ی حه‌فتا و هه‌شته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی ده‌که‌م. پیرۆزبایی له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و هه‌موو چینوتوێژ و پێکهاته‌کانی کوردستان ده‌که‌م و هیوای سه‌ربه‌رزی و خۆشیان بۆ ده‌خوازم".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوه‌، "دامه‌زراندنی پارتی له‌ شازده‌ی (ئاب/۸)ی ۱۹۴۶ـدا به‌ ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر زه‌ڕوره‌تێکی مێژویی بو بۆ درێژه‌پێدانی خه‌بات و کۆڵنه‌دانی گه‌لی کورد له‌و ساته‌ سه‌ختانه‌ی هه‌مو هه‌وڵی نه‌یار و داگیرکارانی کوردستان ئه‌وه‌ بو شۆڕش و ئازادیخوازیی گه‌لی کوردستان سه‌رکوت و خامۆش بکه‌ن، پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئامرازێک بوه‌ له‌ده‌ستی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌دیهاتنی ئامانجه‌ دیموکراتی و نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کوردستان".

مه‌سعود بارزانی ده‌شڵێت، "له‌ حه‌فتا و هه‌شته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتیدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌، پارتی بۆ ڕزگاریی گه‌لی کوردستان و خزمه‌تکردنی گه‌لی کوردستان دروست بوه‌، بۆ ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ خه‌ڵکی کوردستان سه‌رفیراز بن و دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کوردستان هه‌رده‌م پارێزراو و به‌هێز بێت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مو پارتییه‌کان له‌ ئاست گه‌وره‌یی مێژو و قوربانیدانی حزبه‌که‌یان و خوێنی شه‌هیدان بن و ئه‌رکی خۆیان به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌نجام بده‌ن که‌ خزمه‌تکردن و به‌هێزکردنی کوردستانه‌، هه‌مو لایه‌ک به‌ دۆست و نه‌یارانی گه‌لی کوردستانیش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌ چه‌نده‌ پارتی به‌هێز بێت ئه‌وه‌نده‌ش کوردستان به‌هێزه‌.

News Code 223948

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha