هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ له‌به‌رده‌م پێشهات و ئاڵنگاریی گه‌وره‌دان

جێگری سه‌رۆکی پارتی له ‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌که‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ پارتی هه‌میشه‌ خۆی له‌گه‌ڵ پێشکه‌و‌تنه‌کانی سه‌رده‌م له‌ هه‌موو بواره‌کاندا نوێ بکاته‌وه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی یادی ۷۸ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌، وێڕای پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خزبه‌که‌ی ڕایگه‌یاندووه‌، له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا داکۆکی له‌ به‌ها و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌کان و ئه‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ باڵایانه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ پارتی له ‌پێناویاندا دامه‌زرا و ڕابه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستانی کرد، مایه‌ی شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌ که‌ له‌ ڕۆژی دامه‌زراندییه‌وه‌، پارتی پێشه‌نگیی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و سه‌رفرازیی کوردستان و تا سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری به‌ بڕواوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "له‌ کاتێکدا یادی پیرۆزی ۱۶ی ئاب ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ له‌به‌رده‌م پێشهات و ئاڵنگاریی گه‌وره‌دان، پارتی چۆن له‌ خه‌بات و شۆڕش و ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کوردستاندا، ڕۆڵ و ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیی سه‌ره‌کی هه‌یه‌، ئێستا و بۆ هه‌میشه‌ پێشه‌نگی پته‌وکردنی ته‌بایی و یه‌کڕیزی و پێکه‌وه‌یی و پاراستنی پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کتر قبووڵ کردن و لێبوورده‌یی و مافه‌ ده‌ستورییه‌کانی گه‌لی کوردستانه‌ و به‌ هه‌موو هێز و توانایه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا ده‌سپێشخه‌ر و به‌رده‌وام ده‌بێت‌".

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، "پارتی هه‌میشه‌ شانازی به‌ مێژوی تێکۆشان و قوربانی و ده‌سکه‌وته‌‌کانییه‌وه‌ ده‌کات و به‌ بڕوا و متمانه‌ی گه‌لی کوردستان، به‌ هیوا و ئومێده‌وه‌ بۆ داهاتویه‌کی گه‌شتر کار ده‌کات".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "پێویسته‌ هه‌میشه‌ خۆی له‌گه‌ڵ پێشکه‌و‌تنه‌کانی سه‌رده‌م له‌ هه‌موو بواره‌کاندا نوێ بکاته‌وه‌ و بره‌و به‌ ئه‌زموونی حوکمڕانی و به‌هێزکردنی دامه‌زراوه‌کان و گیانی نیشتمانی و سووربوون له‌سه‌ر تێکۆشان بدات تا ئازادی و سه‌رفرازی و هه‌موو مافه‌کانی گه‌لی کوردستان مسۆگه‌ر ده‌کات".

News Code 223947

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha