پێویستە سەرجەم لایه‌نه‌کان به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کەرکووک

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بانگهێشتی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌ به‌شدابووه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک ده‌كات، ناكۆكییه‌ لاوه‌كییه‌كان وه‌لا بنێن و به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌ ده‌باشان كۆبۆوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پیرۆزبایی ده‌ستنیشان كردنی پارێزگارێكی كورد به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن بۆ كه‌ركووک كرا و  جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ سیاسه‌ت و رێبازی سه‌رۆک مام جه‌لال بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیایه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌و شاره‌ كرایه‌وه‌.


 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ته‌نها هی یه‌كێتی و كورد نیه‌، به‌ڵكوو ده‌ستكه‌وته‌ بۆ هه‌موو كه‌ركووكییه‌كان به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه‌، چوونكه‌ سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر درێژه‌پێده‌ری هه‌مان سیاسه‌تی سه‌رۆک مام جه‌لاله‌ كه‌ به‌رده‌وام داكۆكی له‌مافی گشت پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی كه‌ركووک به‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحییه‌وه‌ كردووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌ به‌شداری كردنی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ حكوومه‌تی خۆجێیی و ئیداره‌دانی كه‌ركووک كرا و جه‌ختیش له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ برا توركمانه‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ هاوشێوه‌ی پێكهاته‌كانی تر، شوێنی گونجاو شایسته‌ی خۆیان هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركووک و یه‌كێتی داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافه‌كانیانه‌ و ڕازیش نابێت هیچ كه‌س و لایه‌نێک مافه‌كانیان زه‌وت بكات.

 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشتی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌ به‌شدابووه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووکی كرد كه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ناكۆكییه‌ لاوه‌كییه‌كان وه‌لا بنێن و با پێكه‌وه‌ به‌شدار بین له‌ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌ت كردن و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كه‌ركووک بێ هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌ک له‌نێوان پێكهاته‌كان و یه‌كێتی ئاماده‌ی به‌رپا كردنی سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌.

له‌ كۆتاییدا مه‌كته‌بی سیاسی هاوڕا بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رچه‌نده‌ پارێزگای ئێستای كه‌ركووک به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن یه‌كێتییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ دوور له‌هه‌ر ئینتمایه‌كی حزبی یان نه‌ته‌وه‌یی خزمه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بكات و كه‌ركووک ته‌نها نه‌بێته‌ نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كان، به‌ڵكوو بۆ گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانیش ببێته‌ نموونه‌یه‌كی جوان بۆ عیڕاق و ناوچه‌كه‌.

News Code 223932

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha