دادگای دهۆک ڕۆژنامەنووسێکی بە ۳ ساڵ زیندان سزا دا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دادگاى دهۆک یەکەم دانیشتنى دادگایی کردنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بەڕێوەچوو، دادگاکە بڕیاریدا بە سەپاندنى ۳ ساڵ زیندانى بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ۲۷۹ ڕۆژ بەسەر دەستگیر کردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، کە دوای ۲۱۱ ڕۆژ ڕێگەی بە پارێزەرەکانی درا سەردانی بکەن، دوای زیاتر لە ۹ مانگ یەکەم دانشتنی دادگا لەبارەى دۆسییەکەوە بەڕێوەچوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی کردن" بە سێ ساڵ زیندان سزا درا.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی بەشی عەرەبیی (ڕۆژنیوز) دوای ئەوەی بۆ بەشداری کردن لە پرسەی باوکی سەردانی کوردستانی سووریای کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان ، لە ۲۵ تشرینی یەکەم، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیر کرا و دوای ۲۱۱ ڕۆژ چارەنووسی ئاشکرابوو، دواى ئەوەى ۲۲ی مانگى ئایارى ئەمساڵ، پارێزەرانی توانیان چاویان پێیبکەوێت و بریکارنامەی بۆ واژۆ بکەن، بۆ ئازادکردنی کار لە کەیسەکەیدا بکەن.

هەر ئەمڕۆش دادگای دهۆک یەکەم دانیشتنى خۆی لەسەر ئەو تۆمەتە بەڕێوە برد، کە ڕۆژى ٣٠ى حوزەیران بڕیار بوو دادگا یەکەم دانیشتن لەسەر ئەو دۆسێیەی سلێمان ئەحمەد بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى دادوەر دانیشتنەکە بۆ ڕۆژى ۲۹ی ئەم مانگە دواخرا.

سلێمان ئەحمەد بەپێی مادەی ۱ لە یاسای ژمارە ۲۱ی ساڵی ۲۰۰۳ی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی.

News Code 223862

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha