بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی زانستگای کوردستان پێش پەردەلادان لەسەر پۆستەرەکە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: بۆ ڕێزگرتن لە میراتی مەعنەویی ئێرانییەکان ڕێوڕەسمی "ڕێزلێنان لە ناودارانی زمان و ئەدەبی کوردی" ڕۆژی ۱۴ی پووشپەڕ لە زانستگای کوردستان بەڕێوە دەچێت.
حامد قادرزادە ئاماژە دا بە پێگەی بەرزی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە وڵاتدا و وتی: دەبێت هەوڵ بدەین زمانی کوردی لە ئێراندا بەو پێگە شوێنە بگات کە شایەنیەتی.
ناوبراو درێژەیدا دەبێت ئەو کەسانەی کە لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا هەوڵیان داوە و لەڕیزی ناودارانی ئەم بوارەدان بە خەڵک بناسێندرێن چوونکە ئەوان سەرمایەی کۆمەڵایەتیی ئێمە دێنە ئەژمار.
سەرۆکی زانستگای کوردستان وتیشی: ئاوڕدانەوە لە زمان و ئەدەبی کوردی دەبێتە هۆی مانەوەی زیاتری ئەم زمانە بۆیە توێژینگەی کوردستان ناسی بەدرێژایی ساڵ بەرنامەی جیاواز و تایبەتی بۆ بەرز کردنەوەی پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی بەڕێوەبردووە.
دەمانەوێت فەرهەنگستانی کوردی لە وڵات دابمەزرێنێن
لایخۆیەوە یاریدەری سەرۆک بۆ لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا لە زانستگای کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای کوردستان یەکێکە لە دەفرایەتییە هەرە گەورەکانی ئەم زانستگایە کە لە هەموو بوارە فەرەهەنگی و ئەدەبییەکانی کوردیدا و بەگشتی لە بواری سەرمایەی کۆمەڵایەتیی ئێراندا چالاکە.
عەلی ئەکبەر موزەفەری وەبیری هێنایەوە: ڕێوڕەسمی "ڕێزگرتن لە ناودارانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی"کە ۱۴ی پووشپەڕ لە زانستگای کوردستان بەڕێوەدەچێت بە هاوکاریی توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای کوردستان، توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای ئازادی سنە و ڕێکخراوەی فەرەهەنگیی ڕاژە بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو وتیشی یەک لەو بەرنامانەی لەبەردەستمانە چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی کوردیی منداڵانە و هیواداریشن لە داهاتوویەکی نزیکدا فەرهەنگستانی کوردی لە وڵاتدا دابمەزرێت.
ڕێز لە چالاکانی ۱۲ بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەگیردرێت
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای کوردستان لەم ڕێوڕەسمەدا وتی: توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای کوردستان لە ساڵی ۱۳۸۴ەوە تا ئێستا ۹ ڕووداوی ڕێزلێنان لە ناوداران و مەشاهیری بەڕێوە بردووە هەر لە ساڵی ۱۳۸۴ەوە بە ڕێزلێنان لە مامۆستای گەورە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس دەستی پێکرد تا ئەم دواییانە کە لە ساڵی ۱۴۰۳ کە هەمایشی نەتەوەیی میرزا ئەحمەدی داواشی بوو کە هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەم ڕووداوە نوێیە دەبێتە ۱۰یەمین ڕووداو کە ئەمەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
مەسعوود بینەندە وتیشی: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێوڕەسمی "ڕێزلێنان لە ناودارانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی" ئەمەیە کە کەسایەتی پێوەر نییە و تەرکیز کراوە لەسەر بواری ئەدەبیات و زمانی کوردی بەگشتی؛ لە تایبەتمەندی دووهەمدا تەواوی ڕەهەند و لایەنەکانی ئەم بوارە پێناسە کراون واتا ئێمە ۱۲ بوارمان ڕەچاو کردووە کە بتوانێت بەتەواوێتی حەوزەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بگرێتەوە کە بریتین لە: فەرەهەنگ نووسی، ڕاهێنانی زمان، ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، زمانناسی، وەرگێڕان، ڕەخنەی ئەدەبی، ڕۆمان و شیعر، بڵاڤگەکان، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، فۆلکلۆر و ڕاست کردنەوەی نوسەخی خەتی و پێگەهەواڵدەرییەکان.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی توێژینگەی کوردستان ناسیی زانستگای کوردستان درێژەی دا لەم دوازدە بوارەدا لانیکەم هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو چالاکان و پێشەنگەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پێناسە بکەین.
بینەندە وتیشی تایبەتمەندیی سێیەمی ڕێوڕەسمی "ڕێزلێنان لە ناودارانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی" ئەمەیە کە هەوڵ ئەدرێت بەهۆی بەربڵاوی حەوزەی زمان و ئەدەبی کوردی چ لە بواری زاراوە و چ لەبواری دابەشبوونی جوگرافییەوە هەموو چالاکان لەهەموو بەشەکان بناسێنین و ڕێزیان لێبگرین.
زمانی کوردی لە هێمانە سەرەکییەکانی شۆناسی ئێرانە
سەرۆکی توێژینگەی کوردستان ناسی زانستگای کوردستان ڕایگەیاند: ئەم توێژینگەیە بەبۆنەی "ڕۆژی قەڵەم"ەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ۱۴ی پووشپەڕ میهرەجانێک بۆ ڕێزلێنان لە ناودارانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بەڕێوەدەبات.
یادگار کەریمی وتی: ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە بەرزڕاگرتنی شوێن و پێگەی ئەو توێژەر و ناودارانەیە کە خزمەتیان بە پاراستنی میراتی مەعنەوی ئێران لەڕێگای قەڵەم و زمانی کوردییەوە کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: هیوادارین بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە ببێتە هۆی گەشەسەندنی زمانی کوردی وەکوو یەکێک لە هێما و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی شۆناسی ئێرانی و سامانی نەتەوەییمان.
کەریمی وتیشی: ئەنجامی نێوبژیوانییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیێندرێت و لە ۸۰ تا ۱۰۰ کەس لە ناودارانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی ڕێزدەگیردرێت.
Your Comment