فەرهەنگی زارەکیی موکریان، پڕۆژەیەکی دوور و درێژی زمانی و کلتووری

بەشی فەرهەنگ و هونەر- بە بۆنەی تەواو بوونی ۱۵ بەرگ فەرهەنگی زارەکیی موکریانی سەلاح پایانیانی

کوردپرێس:

فەرهەنگی زارەکیی موکریانی سەلاح پایانیانی، ئەو پڕۆژە گەورەیەیە کە ماوەی دوو دەیە و نیو، کاری له سەر کراوە و ١۵ بەرگی لێ‌بڵاوبۆتەوە و بۆ تەواوکەر چەندین لک و وەچی تریشی لێ‌بۆتەوە وەک: ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان ـ بەشی منداڵان (۲بەرگ)، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی ژنان، فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان، فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەشی خورد و خۆراک و کانی مرادان (کۆمەڵێک بەند و باوی فلکلۆری کوردەواریی).

زمانی هەموو نەتەوەیەک به پشوودرێژی و دە بەستێنێکی هەراوی مێژوویی‌دا بەرەبەبەره بیچم دەگرێ و بەرەو بلووغ و باڵغ‌بوون هەنگاو دەنێت. هەرچی زمانێک پتر بتوانێ وشە کەون و دێرینەکانی خۆی له بواری جوداواز‌دا بدۆزێتەوە و کاریان پێبکا ئەوە ڕەسەنایەتی خۆی زۆرتر و قوڵ‌تر پێشان داوە. زۆر حاشاهەڵنەگرە کە بۆ زمان به تایبەت زمانی نووسیاری‌، ڕێزمانی کارای رستە‌سازی و چۆنێتی بە سەریەک لکاندنی وشەکان بۆ ساز بوونی رستەیەکی مانایی هەستیارترین کاری پێویستە بەڵام دەگەڵ ئەوەیکە نووسەری کورد دەبێ به دابی ڕێزمانەکەی خۆی ڕستە و پاڕاگڕاف و دەق بخولقێنی نابێ ئەوەشی له بیر بچێتەوە "وشە‌" و دەکارکردنی وشەی ڕەسەنی زمانەکەی دەنگ و دەوری کارای له زیندووڕاگرتنی کلتوور و وێژە و زمانی نەتەوەکەی‌دا هەیه. ئەو وشانە دەچوارچێوەی چەندین بەشی جیاوازدا دە نێو فەرەنگی زارەکیی موکریان کۆ کراونەتەوە دەگەڵ ئەوەیکە وشەکان ئارشیو کراون زۆر مەسەل و مەتڵ و بەند و باو و نوکتە و قسەی خۆش و نەستەقیش بە داکۆمێنت بوونە و بۆ هەمیشه دەپارێزرێن.

هەرچەند کاری فەرهەنگ نووسی کارێکی تیمی و گرووهییه و پێویستە دە زەمەنێکی مێژوویی و به شێوازێکی مەیدانی بکرێ تا چ شت له چاوان ون نەبێ و چ کەلێن نەمابێ له جێگای خۆی‌دا پڕ کرێتەوە، بۆیەش له وڵاتانی پێشکەوتوو و خەمخۆر‌دا بە ستایلێکی سەردەمیانە و له سەر شانی زانستگاکان و کۆلێژەکانی بەشی زمانی زانکۆکان‌دا و له ژێر چاوەدێریی پسپۆڕانی چازان و لێزان بەڕێوە‌دەچێ. کەچی داخی گرانم لێره و له نێو جیهانی ڕۆژهەڵاتی‌دا و لە نێو ئەو بیر و ئەندێشانەی چ بڕوا و باوەڕێکی ئەوتۆیان بە جۆراوجۆریی زمانی نییه بە تایبەت بۆ زمانێکی وەکوو زمانی کوردی، هیچ ڕێکخراو و کۆلێژ و تێچوویەک تەرخان ناکرێ کارێکی ئاوا قورس و پڕبایەخ لە دووی درێ. بەڵام بەو حاڵەش، دەست ڕانەگیراوە و کار دەوامی هەبووە و چەندین فەرهەنگ و وشەدان و هەمبانەی وشەیی لەو ساڵانەدا له بواری جۆراوجۆر نووسراوە و تۆمار کراوە کە دەتوانین وەک گوڵی سەر سەوەتەی هەمووان چاو له فەرهەنگی زارەکیی موکریان بکەین. ئەو فەرهەنگە دە دووتوێی پازدە بەرگ‌دا و بە شێوەیەکی مەیدانی و به شێوازێکی پسپۆڕانە کاری بۆ کراوە و بۆتە بناغەیەکی قایم و پتەو بۆ کۆ کردنەوەی سامانێکی بە نرخی زمانی.

فەرهەنگی زارەکیی موکریان جگە له کۆ کردنەوەی وشە و ئەسپاردەکردن و ڕادەستکردنی ئەو وشانە بۆ پڕۆژە زمانییەکان، له باری کلتووریشەوە زۆری حەول داوە هەتا تەپ و تۆزی فەرامۆشی لەو بەشەش‌دا وەک پێناسەیەکی گرینگی نەتەوەیی بسڕێتەوە و بە زیندوویی‌ ڕایگرێت و بە ئەمانەتەوە ڕادەستی بەرەی ئێستا و داهاتووی کات. فەرهەنگی خورد و خۆراک، فەرهەنگی جل و بەرگ و پۆشاک و خشڵ و خاڵی ژنان، وشە و زاراوەی سەر به کلتووری ئاژەڵداری و وەرزێڕی و .. به تێکڕا له کنار ئەوەیکە کارێکی هەرمانی زمانین، کارێکی پیرۆزی کلتووریشن.

لەو فەرهەنگە پیرۆزە‌دا بێ جیاوازیی ڕەگەزایەتی، حزوور و ڕەنگی ژنی کورد له سەر وشه، زمانی ئاخاوتن، داب و نەریتی خشڵ و بەرگ و ئەدەبیاتی ژنانە پێشان دراوە و کاری بۆ کراوە و وەک بەشێکی گرینگی زمانی ـ کلتووری ئاوڕی لێدراوەتەوە.

زمانی ژنانە له نزا و پاڕانەوە و توک و دوعا و شین‌گێڕی و ..وەک جل و بەرگەکەی سەربەخۆیە و ئەوەش پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تاکی ژن له کۆمەڵگای کوردی‌دا هەوێتی سەربەست و سەربەخۆی هەیه و پێویستە لە بواری زمانی و کلتووریشەوە ئاوڕی تایبەتی لێبدرێتەوە؛ کارێک کە فەرهەنگی زارەکی موکریان خۆی لێ‌نەبواردووە و وشیارانە پڕژاوەتە سەری

تەواوبوونی ئەو پڕۆژه زمانییه کە دەکرێ وەک تێکنۆلۆژیایەکی زمانیش چاوی لێبکردرێ پێشان‌دەری ئەو ڕاستییەیه کە هەم زمانێکی دەڵەمەند و فرەڕەنگمان هەیه و هەمژی پسپۆڕانێکی کۆڵنەدەر و پەرۆشن هەیه کە سەرەڕای ئەو هەمووە گیر و گرفت و بەربەستە، بەردەوام بۆ گەشەی زمان و کلتوورەکامان قۆڵی هیمەتیان لێهەڵماڵیوە و نەیانهێشتووە ڕەوتی پێشکەوتن و سەرکەوتنی سامانێکی فەرهەنگی له وەستان بکەوێ و بەردەوام حەولی وەسەریەک‌نانی ئەو سەروەت و سامانەیان بۆ بەرەکانی داهاتوو کردووە.

فەرهاد بابۆڵی
وەرگیراو لە فەیسبووکی "ماڵی کتێبی کوردی".

News Code 223505

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha