دوکتۆر خوڕڕەمدڵ؛ وەرگێڕێکی شێلگیر و کۆڵنەدەر، فێرخوازێکی خاکەڕا و فێرکارێکی خێرخواز

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانناس و توێژەر و مامۆستای زانستگای ئازادی ئیسلامیی مەهاباد یادداشتێکی بە بۆنەی ۴ ـی جۆزەردان و چوارەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دوکتۆر خوڕڕەمدڵ نووسیوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

کوردپرێس:
تواناترین و لێهاتووترین و زاناترین وەرگێڕەکانی کوردی سەردەم، لە زمانی عەڕەبی ڕا بۆ فارسی، بریتین لە: مامۆستا هەژار، عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە، عەللامە بورهانەددین حەمدی، عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و دوکتۆر مامۆستا مەلا ئەحمەد نیعمەتی و دوکتۆر محەممەد عەلی خالیدیان و مامۆستا ئەحمەد حەواری نەسەب و....؛ هەروەها نوێخوازترین و داهێنەرترین وەرگێڕەکانی کورد لە زمانی عەڕبی ڕا بۆ فارسی و لە بواری بیر و ئەندێشە، بریتین لە: دوکتۆر سەید عەدنان فەللاحی، زاهید وەیسی و دوکتۆر حیسام خاکپوور و ....؛ ئینجا پڕئاسەوارترین و شێلگیرترین وەرگێڕەکانی کوردیش لەو بوارەدا(وەرگێڕانی عەڕبی _فارسی) بریتین لە: دوکتۆر مستەفا خوڕڕەم‌دڵ، مامۆستا عەبدولعەزیز سەلیمی، دوکتۆر مەحموود ئیبڕاهیمی، مەلا ئەبووبەکر حەسەن‌زادە و دوکتۆر مەلا عەلی‌ ئاغاساڵحی و....،کە  لەنێوان ئەو پێنج کەسایەتییەی دوایی‌دا (کە هەر پێنجیان جێی ڕێزی تایبەتن)، دوکتۆر خۆڕڕەمدڵ لە هەموویان ناودارتر و سەرکەوتووتر و شێلگیرتر بووە. تایبەتمەندییەکی تری دوکتۆر خوڕڕەمدڵ لە بەراورد لەگەڵ ئەو چوار کەسایەتییەی تر، ئەوەیە کە زۆرترین ئاسەواری لە بواری وەرگێڕانی مژارگەلی پێوەندی‌‌دار بە قوڕئانی پیرۆز بەرهەم هێناوە؛ جیا  لەوە هەر ئەوە توانیویەتی بە زمانی کوردیش وەرگێڕانێک لە قوڕئان(وەرگێڕانی هاوڕێ لەگەڵ لێکدانەوە) بەرهەم بهێنێت و پێشکەش بە کۆمەڵگای کوردەواری بکات(هەرچەند لە لایەن شارەزایانەوە گەلێک تێبینی زانستیی بۆ کراوە لەبابەت ڕێنووس و ڕێزمان و زمانی وەرگێڕانەکەیەوە)؛ هەروەها هەر ئەوە توانیویەتی لە پێناو گردەوکۆیی گوڵبژێرێکی تەفسیریی لەبواری ڕاڤەی قوڕئان بە زمانی عەڕەبی حەول بدا و سەرکەوێ؛ هەر وەها  هەر  ئەوبووە لە نێو ئەو پێنج کەسایەتییە پڕشوێنەوارە کە توانی وەرگێڕانێکی تەواو لە تەفسیرێکی ناوداری قورئان وەک"فی ظلال القرآن" بە دەستەوە بدا.(هەرچەند لە لایەن وەرگێڕی هەرەناوداری سوننیی ئێرانی و وەرگێڕی خاوەن‌شێوازی تەفسیری "کشّافِ زمخشری"، مامۆستا مەسعوود ئەنساری، هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەکارانەی بە تێبینییەوەی بۆ کراوە).ئەوەشمان لەبیرنەچێ کە بە بڕوای  هێندێک چاوەدێر و خاوەن‌ڕا، ڕوانین و "نەرین"ی ترادیشنالیست و "سُنَّتی" و نەریتخوازانەی دوکتۆر خوڕڕەمدڵ و هەروەها کردار و"کردەوە"ی ئەو، پتر لە ناوەرۆک و ناوئاخن و پەیامی"معالم فی الطریق" نزیکایەتی هەبوو تا  لە ئاسەوارەکانی تری سەید قوتب، کە دەکرێ ئەو بۆچوونە وابێ یان وانەبێ.(من خۆم پێم وانییە لە هەردوو "بوار"ـی ڕوانین و "نەرین" و هەروەها کردار و"کردەوە"دا، ئەم بۆچوونە وابووبێت).
بەڵام ناودارترین ئاسەواری دوکتۆر خوڕڕەمدڵ واتە وەرگێڕانی هاوڕێ لەگەڵ کورتە لێکدانەوەیەکی بەپێز لە قورئانی پیرۆز، ناسراو به "تفسیر نور"[=ترجمەی تفسیریِ قرآن] ڕەنگدانەوە و پێشوازییەکی بەربڵاوی لێکرا لە لایەن کۆمەڵگای سوننیی‌ ئێرانەوە ـــ بە تایبەت بە دوای ڕەخنەی بە پێز و بەهێزی مامۆستای قورئانناسی ناسراوی کوردی بیجاری، مامۆستا محەممەدعەلی کووشا_ کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕەخنانە لە لایەن دوکتۆر خوڕڕەمدڵ  بەهێندگیران و لە چاپی چوارەم ڕا چاککران و گۆڕدران و هەڵەچنی و پێداچوونەوەی سەرلەنوێی بۆ کرا.(کە ئەوەش خۆی لە خۆی دا  نیشاندەری ئەوەیە کە  دوکتۆر خوڕڕەمدڵ باوەڕ و بڕوای بە ڕەخنە و دەور و شوێنی ڕەخنەی پسپۆڕانەوە هەبووە.)
دوکتۆر خوڕڕەمدڵ لە باری بیر و ئەندێشەوە  پتر نەریتخواز و ترادیشنالیست و "سُنَّتی"بوو، بەڵام  زانایان و مامۆستایانی ئایینیی ڕووناکبیر و نوێخوازی گەلەکەی زۆر خۆش‌دەویست و لە گەڵ بەشێکی زۆریان پێوەندیی نزیکی هەبوو. لە گەڵ مامۆستای ناودار و ڕووناکبیری بیریار، عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی پێوەندی و هاتووچۆی نزیکی هەبوو و تەنانەت لە ڕا و بۆچوون و تەگبیری ئەو کەسایەتییە مەزن و پایەبەرزەی کورد، بۆ نووسینی ڕیسالە و تێزی دۆکتۆراکەی کەڵکی بەجێ و پێویستی وەرگرت، ئەوە هێما و نیشانەی گرینگی‌دان بە ڕا و تەگبیر لە لایەن ئەو کەسایەتییە بووە کە بەکردەوە وەدوای ڕاسپاردەی ئایەی "وَام٘رُهُم٘ شُوری بَینَهُم" کەوتووە؛  هەروەها  لەگەڵ عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان دۆستایەتییەکی نزیکیان هەبوو و تەنانەت خۆی بە قوتابی و موریدی عەللامە ئەحمەدیان دەزانی_ ئەوەش هێمای دەروون‌بەرزی و خاکەڕاییی ئەو کەسایەتییە بوو، چونکە عەللامە ئەحمەدیان هەروەک هاوڕێ و دۆستێکی زانای خۆی دەیڕوانییە کەسایەتیی دوکتۆر خوڕڕەدڵ و پێی وابوو لە زۆربەی مامۆستایانی ئایینیی ئەوکاتی مەهاباد و ناوچە، کە ئەو کات لە ژیان دابوون، لە مانای قوڕئان بەڵەدتر بووە.
زۆرجار کە عەللامە ئەحمەدیان بە بۆنەی نووسینی ژیاننامەی کەسایەتییەی مێژووییەکانی کورد لە بیچم و شێوازی سەفەرنامەیەکی کەلتووری_ئەدەبی_ مێژوویی دەچوو  بۆ سەر مەزار وگڵکۆی زانایەکی ئایینیی بلیمەت و هەڵکەوتەی کورد، دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بە ئەوپەڕی خاکەڕایی و گەورەیی‌نواندنەوە ئەرکی هاوڕێیەتی و لێخوڕیی سەیارەی بە ئەستۆ دەگرت و بە ئەوپەڕی دەروون‌بەرزی و شکۆی ڕۆحییەوە  بەخۆی و بە سەیارەکەیەوە هاوڕێی زۆرینەی ئەو سەفەرنامانەبوون، کە لە دووتوێی کتێبی "خەزێنە"ـی عەللامە ئەحمەدیان‌دا بڵاوبوونەتەوە و لەخۆگری ئەم سەفەرنامە داهێنەرانە و هەرماو و شازانەن کە لەوان‌دا دوکتۆر خوڕڕەمدڵ هاوڕێ و هاوسەفەری مامۆستا ئەحمەدیان بووە.
کاتێک لە سەرەتای  هەشتاکان‌دا عەللامە ئەحمەدیان لێبڕا تەفسیرێکی بەربڵاوی قوڕئان بە کوردی بنووسێت، دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بە مشوورخۆری و پەیجۆرییەکی  زۆرەوە.
زۆرێک لە تەفسیرە عەڕەبییە ناوازەکانی قوڕئان کە عەللامە ئەحمەدیان زۆر چاک دەیناسین و ئاگاداری شێواز و ناوەرۆک و ناوئاخنیان بوو، بۆ وێنە تەفسیری"التحریر و التنویر"لە  دانانی عەللامە دوکتۆر تاهیر ئیبنی عاشووری توونسی(=بیرمەند و چاکخواز و ڕێفۆڕمیستی توونسی و ڕاڤەکەری نوێخواز و داهێنەری قوڕئان)بۆی پەیدا دەکرد و  وەدەستی دەخست و ڕادەستی ئەوی دەکرد_ هەر ئەو تەفسیرە/تەفسیرانەی کە بە هۆی نوێبوون و نەناسراویی و دەست‌پێ‌ڕانەگەیشتن، لە کوردەواری‌دا، زۆربەی مامۆستاکانی کورد ناوی نووسەرەکە/ نووسەرەکانیان و ناوی تەفسیرەکە/تەفسیرەکانیان نەبیستبوون _؛ هەر چەند لە کۆتایی دا عەللامە ئەحمەدیان پێشنیاری شێلگیرانە و دڵسۆزانەی دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بۆ نووسینی تەفسیرەکەی بە زمانی فارسی بە هۆی تیڕاژی زۆرەوە و بەربڵاوی خوێنەر و بەردەنگەوە، وەرنەگرت و تەفسیرەکەی بە کوردی نووسی.
دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بەڕاستی وەرگێڕێکی شێلگیر و  فێرکارێکی کۆڵنەدەر بوو.
من کە خۆم نزیکەی ۱۰ ساڵ لە زانستگای ئازادی ئیسلامیی مەهاباد، وەک مامۆستای دەرسوێژ، هاوکاری دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بووم، ئەو تایبەتمەندییانەیم لە نزیکەوە هەست پێ کردوون و دیتوومن :
۱. زۆر کاتناس بوو  و تەنانەت چرکەیەک  درەنگتر نەدەچوو بۆ پۆلەکان و چرکەیەکیش  زووتر نەدەهاتە دەر لە پۆلەکان و تەواوی کاتی خۆیشی لە پۆلەکان تەرخان دەکرد بۆ وانەوتنەوەی بە ئیخلاس و ئەمانەت و ئەخلاقەوە؛
۲. زۆربەی خوێندکارەکان زۆریان خۆش دەویست و  تاقمێکیان وەک باوکی خۆیان  سەیریان دەکرد و ڕێزێکی ئێجگار زۆریان بۆ دادەنا ؛
۳ . بۆ زاناتر لە خۆی ئیحتڕام و ڕێزێکی زۆر تایبەتی دادەنا؛ بۆ  وێنە بۆ ڕێزدار مامۆستا مەلا کەماڵ موددەڕیسی کە  مەلای ۱۲ عیلمە و  لە چلەکاندا لە زانستگای تاران ماستەری زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی وەرگرتبوو و  وەرگێڕانێکی بەپێز و بەهێزی هاوڕێ لەگەڵ لێکدانەوەی لە "سبعە معلقە"چاپ و بڵاوکردووەتەوە لە ژێرناوی"شرح معلقات دهگانە" و ۲ جار چاپ بووتەوە و پتر لە ۲۰ ساڵیش مامۆستای زانستگای ئازادی مەهاباد بوو و هاوکات مامۆستای  دین و ئایین و زانست و ئەخلاق بوو و گەلێکیش نیشتمان‌پەروەر و دەروون‌بەرز و شوناسخواز بوو و لە دڵی خوێندکاران‌دا ئێجگار زۆر خۆشەویست بوو و لەم دواییانەش‌دا وەرگێڕانەکەی لە قوڕئانی پیرۆز بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوبۆتەوە، دوکتۆر خوڕڕەمدڵ  بەردەوام بە "مامۆستا" ناوی دەهێنا  و یەکجێ و یەکپێ  لەبەرێ  هەڵدەستا و  قەت قەت وەپێشی نەدەکەوت و بە ڕێزێکی ئێجگار زۆرەوە دەیڕوانییە کەسایەتیی ئەو مامۆستایە، هەر چەند لە باری تەمەنەوە ۲ ساڵ لە دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بچووکتر بوو ؛
۴. هیچ ئارا و ئۆگرییەکی لەگەڵ وتار و "مقالە" و ڕۆژنامە و گۆڤار و ژۆڕناڵ  نەبوو (چ وتاری ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیری و کەلتووری و ...، چ  وتاری  ئاکادێمیک  و "زانستی _لێکۆڵینەوەیی"[=علمی_پژوهشی] ) ؛ هەر بۆیەش  تا کۆتایی  ژیانی پلەی ئاکادێمیکییەکەی  هەر "استادیار"[=مامۆستای یاریدەدەر] مایەوە و بە پلەکانی سەرووتری ئاکادێمیک نەگەیشت . هەڵبەت پاساو و  هۆکاری ئەم دیاردەیە له زمان خۆیەوە (کە لە  وڵامی پرسیاری من لەو پێوەندییە دا کە هەر ئەوکات لێم پرسی، دایەوە و من لە  زمان خۆیم بیست) ئەوە بوو کە: "خزمەت بە قوڕئان  و وەرگێڕان لە بواری قوڕئان و ڕاڤەی قوڕئان و ئەم بابەت گەلەم  زۆر پێ بایەخدارتر و گرینگترە تا نووسینی وتاری ڕۆژنامەوانی و  بابەتی ڕووناکبیری و کەلتووری و تەنانەت وتاری زانستی_لێکۆڵینەوەیی لە گۆڤارەکان دا و هەروەها گەیشتن بەو پلە و پایە ئاکادێمیکیانە!".هەر ئەو ڕوانگەیە بوو بە هۆی ئەوە کە دوکتۆر خوڕڕەمدڵ تەنانەت تاقە ۱ وتاری زانستی_لێکۆڵینەوەیی(=علمی _پژوهشی) نەبوو و لە پلەی "استادیار"(=نزمترین پلەی ئاکادێمیک بۆ مامۆستای دەرسوێژی خاوەن شەهادەی دوکتۆرا) پتر وەسەروو نەکەوت!

دوکتۆر خوڕڕەمدڵ، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، مامۆستا شاریکەندی و مامۆستا ئەحمەدیان‌ـی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست و بەردەوام  باسی دەکردن و قسە و وتەی ئەوانی بە تامەزرۆیی و وەک بیرەوەرییەکی فێرخوازانە دەگێڕایەوە، بۆ وێنە ئەو کاتەی کە لە زانستگای ئازادی ئیسلامیی مەهاباد، بۆ ماوەی  نزیک دەساڵ هاوکاری بووم، زۆر بیرەوەری و قسە و وتەی مامۆستا ئەحمەدیان‌ـی دەگێڕایەوە؛ هەمیشە دەیگوت، جیا لە ڕاوبۆچوون و لێکدانەوەی ئیسلامناسانە و قوڕئانناسانە و بیریارانە و مێژووناسانە و وێژەوانانەی مامۆستا ئەحمەدیان کە ئێجگار زۆرم بەدڵن و زۆربەی هەرە زۆریان یان بێ‌هاوتان یان کەم‌هاوتا، هەروەها زۆرێک لە شڕۆڤە و لێکدانەوە مرۆڤناسانە و کۆمەڵناسانەکانی مامۆستا ئەحمەدیانم گەلێک بەدڵە، بۆ وێنە ئەو پێناسە تەوساوییەی مامۆستا ئەحمەدیان‌ کە دەیفەرموو: ❞زانای ئایینی نابێ نە"وَجیەُالمِلَّە" بێ و نە "عَضُدُ الدَّولَه"بێ!، چون ئەوکات ناتوانێ هەڵوێستی سەربەخۆی هەبێ؛ بەڵکوو زانای ئایینی دەبێ "سەربەست و سەربەخۆ و خاوەن‌هەڵوێست" بێ.❝
لە کۆتایی دا لە دەرگانەی خوای خاوەن بەزەیی و دڵۆڤان و ڕەحمبەر  داواکارم ڕۆحی دوکتۆر خوڕڕەمدڵ لە بەهەشتی شکۆداری خۆی دا بحاوێنێتەوە و بیلاوێنێتەوە و بیحەسێنێتەوە و لە گوناهـ و تاوان جەبەی کات و  سەرجەم ئاسەوارەکانی، بەتایبەت ئاسەوارەکانی لە بواری مانا و واتای قوڕئانی پیرۆز، وەک "باقیات الصالحات" بەرەوپیری بنێرێت و بارتەقای ئەو شێلگیرییەی لە بواری وەرگێڕان و ماناکردنەوەی "قوڕئان"، لە لای چاکان و پاکان بیحاوێنێتەوە.

ئامین

News Code 223560

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha