حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تێمێک ڕه‌وانه‌ی ئیتالیا ده‌کات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، بۆ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ڕووداوی ژێرئاوکه‌وتنی به‌له‌مێکی کۆچبه‌ران، حکوومه‌تی هه‌رێم تێمێک ڕه‌وانه‌ی ئیتالیا ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت ژوورێکی ئۆپه‌راسیۆن به‌ به‌شداری وه‌زاره‌تی ناوخۆ و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌ت پێکهات بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری بارودۆخ و ئاکامی نقوم بوونی به‌له‌مێکی گواستنه‌وه‌ی کۆچبه‌ران له‌ که‌ناراوه‌کانی وڵاتی ئیتالیا بکات که‌ به‌ داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی بوونه‌ قوربانی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم تیمێکی ڕه‌وانه‌ی ئیتالیا کرد بۆئه‌وه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌و وڵاته‌ په‌یوه‌ندی به‌دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانی ئیتاڵیاوه‌ بکه‌ن و سه‌ردانی شوێنی ڕوداوه‌که‌ له‌ که‌ناراوه‌کانی ئیتاڵیا بکه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، وه‌ک حکوومه‌تی هه‌رێم، که‌سوکاری قوربانیان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ هه‌مو هه‌وڵێک ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ به‌دواداچوونی چاره‌نووسی قوربانیان، هاوکات ئاماده‌ی هه‌موو هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیه‌کین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌کان، داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌که‌ین زانیاری و ئاکامه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ ته‌نها له‌ لایه‌نی فه‌رمی وه‌ربگرن.

پێشتریش، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هه‌رێم ڕایگه‌یاندبوو، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بەهاناچوونی قوربانیانی بەلەمی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتالیا دەکات.

News Code 223684

Your Comment

You are replying to: .
captcha