ته‌رمی چوار کۆچبه‌ری کورد گه‌یێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان گوتی: ته‌رمی ئه‌و چوار کۆچبه‌ره‌ی ماوه‌یێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ ده‌ریای ئیجه‌دا خنکان گه‌یێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ئاری جه‌لال ڕای‌گه‌یاند: ته‌رمی چوار کۆچبه‌ره‌که‌ به ‌ناوه‌کانی (عیسا عبدولرحمان ئه‌حمه‌د، عه‌بدوڵڵا عیسا عه‌بدولره‌حمان، شوڕش عه‌بدولوه‌هاب ئیسماعیل، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) له ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ گه‌یێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد: ته‌رمی سێ کۆچبه‌ریان که‌ خه‌ڵكی زاخۆ بوون له‌ گوندێکی زاخۆ به‌ خاک سپێردران و بڕیاره‌ ته‌رمی کۆچبه‌ره‌که‌ی‌تریش هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ دهۆک به‌ خاک بسپێردرێت.

سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی که‌ هه‌موو هه‌وڵێکیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و ١١ په‌نابه‌ره‌ بێسه‌رشوێن بوووه‌ی دیکه‌.

شایانی باسه‌؛ شه‌وى چوارشه‌ممه‌ (١٠ی تشرینی یه‌که‌می ٢٠١٨)، له‌ كه‌ناراوه‌كانی شاری ئیزمیری توركیا و له‌ كاتی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ یۆنان، جارێکى دیکه‌ نوقم بوونى به‌له‌مێک هاووڵاتییانى هه‌رێمى ڕاچڵه‌کاند چوونکه‌ له‌و شه‌وه‌دا یه‌ختێک كه‌ ٣٥ كۆچبه‌ری تێدا بوووه نوقم بوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38854

Your Comment

You are replying to: .
captcha