دەسترێژی کردن و پێشێل کردنی سەروەریی خاکی عێراق قبووڵ ناکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی و یەکپارچی خاکی وڵاتەکەی کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی بوو لە دهۆک و لە میانی وتەیەکیدا لە ئاهەنگەکەدا، پیرۆزبایی لە خوێندکارە دەرچووەکان کرد و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە خوێندکارە دەرچووەکان و نەوەکانی ئەم سەردەمە شەرەفی پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەڵگە لە ئەستۆ دەگرن، بەتایبەتی کە لە قۆناغێکی گرنگداین بۆ پەرەپێدان و چاککردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە لە دەیان ساڵەی دیکتاتۆریەت و جەنگ و وێران کردن و دواکەوتن لە زۆر لایەنی ژیاندا، هاتنەپێشەوە و تووشمان بوون.

سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە، کە لایەنێکی گرنگی ئەو کارانەی ئێستا ئەنجامی لە سەرۆکایەتی کۆماردا ئەنجامی دەدەن، باشترکردنی پەیوەندییە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم، هەروەک سەرۆکایەتی کۆمار بە پەرۆشییەکی زۆرەوە کاردەکات بۆ رەخساندنی رێگاکانی تێگەیشتن و زاڵبوون بەسەر کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور و دادپەروەری.

ئەمە دەقی وتەکەی سەرۆک کۆماری عێراق لەتیف ڕەشیدە؛

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم..

ئامادەبووانی بەڕێز...

خوێندکارە خۆشەویستەکان..

سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت

خۆشحاڵم لێرە لەگەڵتانم، لەم ئاهەنگە بەبۆنەی دەرچوونتان لە زانکۆ.

سوپاسی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەم بۆ ئامادەبوونمان.

خۆشحاڵم کە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچونتان، لەکاتێکدا کورسییەکانی خوێندن بەجێدەهێڵن و ژیانی پیشەیی و کارکردن دەستپێدەکەن، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

هیوادارم سەرکەوتن و پێشکەوتنتان لە خوێندن بکەن بە سەرکەوتنێکی پیشەیی و ئەو زانست و زانیارییەی فێری بوون، بە کردار بەکاریبهێنن.

وەکوو دەرچووانی یەکێک لە زانکۆکان، پێویستە هەوڵەکانتان بۆ بەدواچونی زانستی بەردەوام بێت، چونکە جیهانی ئەمڕۆ، جیهانێکی خێرایە، ئەمەش وائەکات کە کارکردن و کۆششکردن بەردەوام بێت بۆئەوەی لەگەڵ پێشکەوتن بگونجێین بۆ خزمەت کردنی گەل و نیشتمان.

وڵاتەکەمان و گەلەکەمان زۆر پێویستییان بە هەوڵ و ژیری هەیە، ئێوە و نەوەکانی ئەم سەردەمە شەرەفی پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەڵگە لە ئەستۆ ئەگرن، بەتایبەتی کە ئێمە لە قۆناغێکی گرنگداین بۆ پەرەپێدان و چاککردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە لە دەیان ساڵەی دیکتاتۆریەت و جەنگ و وێرانکردن و دواکەوتن لە زۆر لایەنی ژیاندا، هاتنەپێشەوە و توشمانبون.

هیوادارین ئێمە وەک بەرپرسان، ئاستی زانستیی زانکۆ بەرزبکەینەوە، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەربێت لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی تواناکان.

خوشکان و برایانی بەڕێز

لایەنێکی گرنگی ئەو کارانەی ئێستا ئەنجامی دەدەین لە سەرۆکایەتی کۆماردا، باشترکردنی پەیوەندییە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم، سەرۆکایەتی کۆمار بە پەرۆشییەکی زۆرەوە کاردەکات بۆ رەخساندنی رێگاکانی تێگەیشتن و زاڵبوون بەسەر کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور و دادپەروەری.

ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم، هەروەک سوورین لەسەر بەدواچوون بۆ خەرج کردنی بەشە بوودجە لە هەرێم و پارێزگاکانی تر.

هەروەها بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هاووڵاتیان، لە سەرۆکایەتی کۆمار سوورین لەسەر کارکردن لەبارەی دۆسێی زیندان کراوان و راگیراوان و ئازادکردنی ئەوانەی ماوەی سزاکانیان کۆتاییهاتوە.

لەم بوارانەدا دەستکەوتمان هەبووە، ئێستاش کاری زۆرمان لەبەردەمدایە، کە دەتوانرێت لەڕێگەی تێگەیشتنی باش و دیالۆگی نیشتمانییەوە، چارەسەریان بکەین.

هەروەها بە پەرۆشییەوە بەدواچوون دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور تا رێگەبگرین لە تاکڕەوی و دەرکردنی بڕیار بەشێوەیەکی یەکلایەنە، لەم چوارچێوەیەدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سیاسییەکانی هەرێم دەکەین، هاریکاربن لەپێناو سەقامگیریی عێراق و گەشەکردنی.

وەک ئەزانن ئاسایش و سەقامگیریی وڵات یارمەتیدەرن بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەوڵەکانی عێراق بەهێزتر دەکەن لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی بۆسەر عێراق.

بە پەرۆشین بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکان و رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها رەتیدەکەینەوە عێراق ببێتە سەکۆی دەستدرێژی بۆسەر هەر وڵاتێک بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ.

تەحەدییەکانی ناوچەکە و جیهان پێویستییان بەوە هەیە هەموومان لە دەوڵەتی فیدراڵی و لە ناوچەکەدا زۆر بە وریاییەوە کاربکەین بۆ یەکخستنی ئامانجەکان و بەرژەوەندی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی شایستە و دادپەروەرانە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەربێت بۆ پتەوکردنی ئاسایش و ئاشتی و خێروخۆشی.

هەروەها لەبوارەکانی (کەشوهەوا، ئاو و ژینگە) روبەڕوی تەحەدی دەبینەوە، هەربۆیە سەرۆکایەتی کۆمار و حکوومەت کاریان لەسەر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هۆیەکان لەسەر وڵات. کاردەکەین لەسەر پرسی ئاو و دابینکردنی زیاتری بودجە بۆ دروستکردنی بەنداو بە تایبەتی لە کوردستان هەروەها لە عێراقیش. 

دیسانەوە پیرۆزبایی لە خوێندکارانی دەرچوو ئەکەم و هیوای داهاتوویەکی سەرکەوتو بۆ هەمووان ئەخوازم.

سوپاس بۆ هەموولایەک.

خوای گەورە هەموان سەرکەوتو بکات لەپێناو خێری گەلەکەمان

News Code 223609

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha