بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولڵەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی و ناوچەیی کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکران و گرنگیی چەسپاندنی رێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکان دووپاتکرایەوە، هاوکات ستایشی ئەو هەنگاوانە کران، کە بوونەتەهۆی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.
عەبدولڵەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەسەر گرنگیی دیالۆگ و وتوێژی بەردەوام کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان لە هەموو ناوچەکانی وڵات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکار دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تەواوی چارەسەکردنی پرسی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و فەرمانبەران، هاوکات کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جووتیاران و وەرگرتنی بەرهەمی گەنم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.
عەبدولڵەتیف رەشید وتیشی، "بایەخی تەواو بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان".
لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکان کرد بۆ بەرقەرارکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی، هەروەها بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها باسی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی کرد بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دەبێت.
Your Comment