بەپێی هەواڵی کردپرێس، دەستەی نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری، بە دەنگی زۆرینەی خوێندکاران بڕیاریانداوە تاوەکوو 1ی نیسان بایکۆتی خوێندن بکەن، ئەگەر بارودۆخی ئابووری بەمجۆرە بەردەوام بێت، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بایکۆت بەردەوامدەبێت.
هاوکات هەرمان كامیل گوتەبێژی نوێنەرانی زانكۆی چەرموو بە کەناڵ8ی راگەیاند، لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بۆ هاوڕێ و خوێندكارەكانمان، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی خوێندن تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان.
گوتیشی، ئەمساڵ هیچ دەرماڵەیەکمان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا لە زانکۆکانی سنوری هەولێر و دهۆک دەرماڵە دابەشکراوە و زانکۆ هەبووە دوو دەرماڵەی بەیەکەوە دابەشکردووە، بەڵام پارە بۆ دەرماڵەی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نانێردرێت.
لەبەرامبەردا د.هەڵەت رەشید، سەرۆکى زانکۆى چەرموو بە کەناڵ8ى راگەیاند: لە وەرزى خوێندنى ساڵى رابردوودا خوێندکارانى زانکۆى چەرموو چوار دەرماڵەیان وەرگرتوەو ئێستا چەکى دەرماڵەى مانگەکانى یەک و دوو ئامادەکراوە.
گوتیشى "لەلایەن چەند خێرخوازێکى سنوورەکەوە لەمانگى رەمەزاندا هەموو رۆژێک خواردن بۆ هەردوو بەشەناوخۆیی کوڕان و کچان ئامادەکراوە".
لایخۆشیەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە کەناڵ8ى راگەیاند: بڕیارى پێدانى دەرماڵە بۆ هەموو خوێندکارانى خوێندنى باڵایە، جیاوازى لە دابەشکردنى دەرماڵەکان لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکى دیکە پەیوەستە بەو پارێزگاو ناوچەیەى زانکۆکەى تێدایە لەگەڵ هەوڵى زانکۆکان و بوونى پارە لە بانکەکان.
Your Comment