بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە پەیجى خۆى نووسیویەتى: "لە سنووری سلێمانی پەکەکە هێزی چەکدار دروست دەکات و دەیانێرێتە قەندیل و ڕۆژئاوا" ئەم هەواڵەی سەرەوە مانشێتی ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە (٦٧٤١)ی ڕۆژی ١٤-٥ -٢٠٢٤ی زمان حاڵی پارتییە.
ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى نووسیویشیەتى: ڕۆژنامەى دێرینترین حزبی کوردستانە و سەرۆکەکەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆکی هەرێم و ئێستاش جێگری سەرۆکەکەی سەرۆک و جێگری دووەمیشی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کەچی بەم شێوەیە لە پێناوی ڕاکێشانی سەرنجی ئەو دەوڵەتەی کە بەهۆی (کورد) بوون جیاوازی لە نێوان کاک مسعوود بارزانی و عبداللە ئۆجەلان ناکات ئەو هەواڵە چەواشەکارییە هەڵدەبەستێ و بڵاودەکاتەوە.
ئارێز عەبدوڵا دەپرسێت، باشە ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت چۆن دەکرێ ئەو حزبەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە دەستە بەم شێوەیە بڕوانێتە پارێزگایەکی دی نیشتمان؟! ئەگەر ڕاست نییە، چۆن دەکرێ هانی دەوڵەتێک بدا کە هەر دوێنێ بوو لە فڕۆکەخانەی عەربەت ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمانی شەهید کردن و ڕۆژانەش بە پاساوی هەبوونی پەکەکە لە بادینان و بناری قەندیل و شارباژێڕ بە فڕۆکە و دڕۆن هاوڵاتیانی سڤیل شەهید دەکات؟.
هەروەها نووسیویشیەتى: ئێستا هاوڵاتیان هەقیانە بپرسن، ئایا بەڕاستی کاک مسعوود و کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور ئاگاداری ئەو مانشێتەی خەباتن یان نا؟ ئایا ئەگەر ئەو زانیارییە ڕاستیش بێ (کە ڕاست نییە) دەکرێ بە ئاشکرایی و (في سبيل اللة)یە پێشکەش بە تورکیا بکرێ؟ ئایا ئەوە پاساو و هاندان نییە بۆ ئەوە تورکیا جارێکی تر دەست لە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بووەشێنێتەوە و ئابلۆقەی سەر فرۆکەخانەکەی بهێڵێتەوە؟ و دەڵێت: هیوادارم ئەم مانشێتە بێئاگاداری سەرۆکایەتی پارتی بێ و لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدەن.
Your Comment