بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆلۆنێڵ سافەرانی، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێم و ژمارەیەک لە دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتە کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: لە دیدار و گفتوگۆیەکی کراوەدا، وەزیری پێشمەرگە، سوپاسی گەل و سوپای ئیتاڵیای کرد لە هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامیەکانیان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و لە ئێستاشدا بەشداریکردنیان لە سەرخستن و گەشەسەندنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
شۆڕش ئیسماعیل لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵیا، سەبارەت بە گرنگی و بایەخی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، پێویستیمان بە هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی هاوپەیمانانە.
سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە چەندین هەنگاوی بڕیوە، وەزیری پێشمەرگە وتی: "چاکسازیی پێشمەرگە، پڕۆژەیەکی حەتمییە و بەهیچ شێوەیەک ناوەستێ".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، هەمیشە دەستپێشخەربوون لە وەلانانی ناکۆکی و کێشەکانی نێوان هەردوولا، هاوکات پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراقی بەگرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد.
Your Comment