لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا کۆ بوونەوە

بەشی جیهان- لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مریكا و عێراق بۆ گۆڕینی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: "لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مریكا و عێراق بۆ گۆڕینی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، چوارەم کۆبوونەوەیان کرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا، لیژنە لاوه‌كییه‌كان بەرپرسیارن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق".

ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسانگاندن بۆ مەترسی و چالاکییەکانی داعش کراوە و هەردوولایه‌نی عێراقی و ئه‌مریكی جەختییان لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی عێراق  کردووتەوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت: "هەردوولا وتیان کاری لیژنەی لاوەکی بەردەوام دەبێت بۆ خستنەڕووی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ لیژنەی باڵای سەربازی و بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکانیان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر خشتەی کاتی بۆ ئەوەی سرووشتی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق بگۆڕدرێت بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش ببێتەهۆی بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ئاساییشەکەی بەهێز بکات".
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە: "هەردوولا هەروەها جەختیان لەسەر فراوانکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کردووەتەوە بە جۆرێک ئەو هاوئاهەنگییە ببێتەهۆی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا". 
 
هەروەها وتی: "هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەسەر هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت داعش خۆی رێکبخاتەوە". جەختیشیان لە پاڵپشتیکردنی سەروەری، سەقامگیری و یەکگرتوویی عێراق کردوەتەوە. 
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد، یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی". 
 
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١ کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکوو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.

News Code 223330

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha