ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەریەکە لە هێمن هەورامی و ئامینە زیکری، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و جەعفەر ئیمینکی و ئەندامانی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن، جێگری جینین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسیی و هەڵبژاردنەکان و ئەندامێتی پسپۆرانی یونامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، کۆبوونەوە.

لەمبارەیەوە هێمن هەورامی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: "کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تێیدا داوای کرد شاندێکی پسپۆر و تەکنیکیی یونامی بێنە هەولێر و لەگەڵ شاندێکی پارتی لەسەر راو و سەرنج و تێبینیی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گفتوگۆ بکەن."

لە دانیشتنەکەدا، شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختیان لە گرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جێ متمانەی هەموان و بەشداریی هەموان کردەوە و رایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری سەرنج و تێبینیی و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

هەروەها هێمن هەورامی ئاماژەشی بەوە داوە: "وەک شاندی پارتی بۆمان روونکردنەوە کە یونامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بە ئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەڕسوومی دەرکرد و هەندێ لایەنی دیکە چۆن رێگر بوون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی ڕەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوون".

هێمن هەورامی جەختی لە هەڵوێستی پارتی کردەوە و ئەوەی خستووەتە روو: "بۆمان روونکردنەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و دەبێت یونامی لەسەر خەت بێت بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکە و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دیزاینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردووە".

News Code 223327

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha