بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد سەباح لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە دیدارەکەدا جەخت لە هەماهەنگی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان کرایەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی حکوومەتی هەرێم بۆ شەراکەتی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز لەنێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان و بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی کێلگە نەوتییەکان ئاڵوگۆڕکرا.
پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی وزەی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دووپاتکرایەوە و خۆڕاگری کۆمپانیا نەوتییەکان دوای ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە ئاراوە لە پرۆسەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوون.
لەلایەکی دیکەوە ئومێد سەباح ڕونیکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۷ـی نیسانی ۲۰۲۴, لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیمان لە ماکسیم ڕۆبین، کونسولی گشتی ڕووسیا لە هەولێر و بە یاوەری شاندی کۆمپانیای KPC بۆ بواری نەوت کرد.
لە دیدارەکە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم بە وەکالەت ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ڕووسیا ئاڵوگۆڕکران و جەخت لە بەردەوامی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دوایین پێشھاتە ئابووری و سیاسییەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و دوایین پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق و دوا لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بە هەنگاوێکی گرنگ و دڵخۆشکەر زانرا.
پرسی ڕێکەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و چالاکی کاری وەبەرهێنانی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێم و تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.
Your Comment