ئینستتیۆتی پەی داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەکات زیاتر هەڵبژاردن دوانەخرێ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی سەرۆکی  هەرێمی کوردستان کردووە و تێێدا داوایان کردووە کە با هیچی تر هەڵبژاردن دوانەخرێ تا شەرعیەتی هەرێم نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نامەکەدا هاتووە: "لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەکات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەک پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەکان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، کە ناکرێ ئەو ڕاستیەش فەرامۆش بکرێت خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەکان (بەتایبەتی پارتی و یەکێتی) ڕێَگەخۆشکەر و هۆکاری سەرەکین، چوونکە کارتی بیانویان بەدەستەوە داوە".

هەروەها دەڵێن: "ئەگەر پێشتر یەکێتی بیانووی جیاجیای هەبوو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانووی جۆراوجۆرەوە ڕاستەوخۆ بایکۆتی کردووە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێکچوونی پەیوەندییەکان".

دەقەی نامەکە بەم شێوەیەیە:

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز نێچیروان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

با هیچی تر هەڵبژاردن دوانەخرێ تا شەرعیەتی هەرێم نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە

پاش سڵاو و رێز...

بەپێی یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۲۰۰۵ ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێزتان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیی هەرێم دەکەن و بە ناویەوە دەدوێن، ئەرکی بەڕێزیشتانە هەماهەنگی لە نێوان دەســـەڵاتە فیدرالیەکان و دەســــەڵاتەکانی هەرێمدا بکەن. بە پێی هەمان یاسا کاتێ هەرێمی کوردستان و سیستەمە سیاسییەکەی، یان ئاسایشی گشتی، یان دامودەزگا دەستوورییەکانی بکەونە مەترسییەوەو هەڕەشە لە بوونیان بکرێت، بەڕێزتان بەرپرسن لە پاراستنیان. لە هەمان کاتدا مولزەمیشن بەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرێن  و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان بڕەخسێنرێت.

لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیارو مەترسیداردا گوزەر دەکات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەک پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەکان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، کە ناکرێ ئەو راستیەش فەرامۆش بکرێت خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەکان (بەتایبەتی پارتی و یەکێتی) ڕێَگەخۆشکەر و هۆکاری سەرەکین، چونکە کارتی بیانویان بەدەستەوە داوە! ئەگەر پێشتر یەکێتی بیانووی جیاجیای هەبوو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایکۆتی کردووە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێکچونی پەیوەندییەکان، تا ئەگەری پێکدادان و توندوتیژی و دەستێخستنی زیاتری عیراق و دەوڵەتە هەرێمیەکان لە ناوخۆی هەرێم.

بەردەوام بوونی ئەم رەوشە دەبێتە مایەی ئەوەی چارەنوسی حکومەتی هەرێم خۆی لە کەرتبووندا ببینێتەوە، لەوەش خراپتر دوای ئەم قۆناغە ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستور لەعیراقدا دەبێتە دیفاکتۆ، ئەو کاتەش کورد توانای رێگریکردنی نابێت و پەشیمانی داد نادات، بەمەش شتێک بەناوی کیانی سیاسی یەکگرتوو لەباشوری کوردستاندا نامێنێ.

بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە ترسناکە، ئەرکی بەڕێزتانە وەک سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی خۆتان بەکار بێنن و بەرپرسیارێتی مێژووییتان لەبەرچاو بگرن، بە سیاسەتێکی ژیرانەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکەیەکەی رووداو و لایەنەکاندا بکەن، بە جۆرێک نە قەوارەی هەرێم زیانمەند بێت و ئەزمونەکە بکەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بکەوێتە تونێلێکی داخراوەوە. بۆ ئەمەش پێویستە زەمینەیەکی لەبار بۆ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان بڕەخسێنرێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، تا هەم خەڵکی بەشداری بکەن و متمانەیان پێی هەبێت، هەم لایەنە سیاسیەکانیش دوای هەڵبژاردنەکە ئەنجامەکانی قبوڵ بکەن، نەک کێشەی لێ بکەوێتەوە.

هەرچەندە لە رابردوودا بەڕێزتان بەئەرکی یاسایی خۆتان هەڵساون بەوەی چوار جار و بە چوار مەرسومی جیاواز وادەی هەڵبژاردنتان دەستنیشانکردووە، کە بریتیبوون لە (۱/۱۰/۲۰۲۲)، (۱۸/۱۱/۲۰۲۳)، (۲۵/۲/۲۰۲۴)، لە سێ وادەی یەکەمدا هەڵبژاردن دواخرا، بەپێی ئەو رەوشەی دەگوزەرێت لەوەناچێ دوا وادەش کە (۱۰/۶/۲۰۲۴)ە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان...

ناکرێ بانگەشەی دیموکراسیەتبکەین، کەچی هیچکام لە هەڵبژاردنەکان لە ساتی خۆیاندا ئەنجامنەدرێن و هەمیشە دوابخرێن، هەر جارەی بە بیانو و هۆکارێک، هەرجارەی لایەنێک بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی، پەکی پرۆسەکە بخات و هەرێم بخرێتە بۆشایی یاساییەوە، چونکە لە غیابی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، غیابی یاسا دێتەکایەوە، دامەزراوەکانی تریش پەکیان دەکەوێت و هەرێم زیانمەند دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو دامەزراوانە کارا بکرێنەوە، جگە لەوەی هەرێم پێویستی بە شەرعیەتە، پێویستیشی بەو دامەزراوانە هەیە، جگە لەوەی هەڵبژاردن پێویستیەکی دیموکراسیە، دەستەبەری پاراستنی قەوارەکەشە، چونکە بە هەڵبژاردن جارێکی تر دامەزراوەکان نوێ دەبنەوەو دەستبەکار دەکەنەوە، بۆیە ئەگەر هەر هەنگاوێک دەگیرێتەبەر دەبێ لەپێناو دەستەبەری ئەمجارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بێت.

ئەگەر ئەم رەوشەی دەگوزەرێت بەردەوامبێت، تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و هاوڵاتیانی رووبەڕووی تەنگژەیەکی تر دەبنەوە، بەرەو تونێڵێک دەربردرێن کە کۆتاییەکەی نەک هەر ڕوون نیە، بەڵکو مەترسیداریشە، دوور نیە هەرێمی کوردستان بکەوێتە قەیرانێکی ترەوە کە چارەسەرکردنی ئەستەم بێت. لەبەر ئەوە چاکتر وایە هەوڵبدرێ دەرچەیەکی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە و هەرێم و خەڵکەکەی لەو تەنگژە پڕ مەترسیە دەرباز بکرێن، بەجۆرێک کەمترین زیانی لێ بکەوێتەوە.

بەڕێز سەرۆکی هەرێم...

لەم پێناوەدا داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە رۆڵی خۆتان هەڵسن، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان و هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەردوو تەوەر و ئاراستە بەیەکەوە هاوتەریب بەڕێوە بچن، هەم هەرێم پارێزراو بێت و هەم هەڵبژاردنیش ئەنجامبدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر ئاستی دەرەکیدا راوێژ لەگەڵ یۆنامی و نوێنەرانی کونسولخانەکاندا بکرێت و هاوپەیمانەکان وەک پاڵپشت بخرێنە سەر خەت،  دانوستان لەگەڵ عیراقی فیدرالدا بکرێت بۆ چارەسەری گرفتەکان، لەپێناو قوتی هاوڵاتیاندا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بۆ قۆناغێکی ئاسایی بگێڕنەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، کۆبوونەوەیەکی لوتکەی حیزبەسیاسیەکان ئەنجام بدرێت، راوێژ و پرسوڕایان پێ بکرێت، کۆدەنگییەک بهێنرێتە کایەوەو هەمووان بەیەکەوە هەرێم و قەوارەکەی لە غیابی شەرعیەت دووربخەنەوە، پێویستە دەرچەیەک بدۆزنەوە بە ئاراستەی پاراستنی ئەزمونەکە و گەشەپێدانی، کە لەسایەیدا هاوڵاتیان ئاشت بکرێنەوە، لەپاڵیشیدا هەڵبژاردنیش بە تونێلێکی نادیار و داخراو نەسپێردرێت، کە ئەمە تاکە دەستەبەری مانەوەی هەرێم و حکومەتە یەکگرتووەکەیەتی. بە پێچەوانەوە هەرێم دەکەوێتە قۆناغی پیلانگێڕیەکی خۆبەخۆی ناوخۆی ترسناک، کە نە دۆخی کوردستان نە دۆخی ناوچەکەش بەرگەی قەیرانێکی تر ناگرێت، بۆیە ئەرکی یاسایی، سیاسی، مێژوویی و ئەخلاقیی بەڕێزتانە هەرێم لەم دۆخە نەخوازراوە دوور بخەنەوە تا تەڕو وشکی تیادا نەسوتێنرێت، چونکە دواتر پەشیمانی دادی کەس نادات. تکایە با نەوەی ئەمڕۆی کوردستان سەرگەردان نەبن و نەوەکانی داهاتوش نائومێد نەکرێن و تۆمەتبارمان نەکەن بەوەی خودی کورد خۆی هۆکاری پێچانەوەی خوانی بەتەمەنترین ئەزموون و قەوارەی خۆی بووە لە مێژوودا!

لەگەڵ رێزماندا

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

News Code 223300

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha